"تاوەكو كێشەكانی رۆژئاوا چارەسەر نەكرێن، كۆنگرەی نەتەوەیی نابەسترێ"


KRP.org | |


24/11/2013
د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، میوانی بەرنامەی (كەوانەی سوور)ی كەناڵی (رووداو) بوو، لەو هەڤپەیڤینەدا باسی هۆكارەكانی نەبەستن و دواخستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردی كرد و گوتی "تاوەكو كێشەی نێوان PYD و حیزبەكانی رۆژئاوای كوردستان چارەسەر نەكرێت، كۆنگرەی نەتەوەیی نابەسترێت". هەروەها باسی پێكهێنانی كابینەی داهاتوو و كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی و بەشداری ئۆپۆزیسیۆنی لە حكومەت كرد.

هەڤپەیڤین: رێبوار كەریم وەلی

رووداو: كێشەی سەرەكی چییە لە نەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد؟

د.فوئاد حوسێن: كێشەیەكی گەورە هەیە لە نێوان PYD و حیزبەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر هەڵوێست لەنێو كۆنگرەی نەتەوەیی كورد. یان لە نێو كۆمیتەی ئامادەكار.

رووداو: رای بارزانی چی بوو لەسەر دواخستنی كۆنگرەكە؟

د.فوئاد حوسێن: سێ چوار ساڵ پێش ئێستا باسی كۆنگرەی نەتەوەیی كراوە، هەتا ئەوكات باسی كۆمیتەكەش كراوە. بەڵام بارودۆخی سیاسی و بابەتی ئامادەنەبوو، كە پرۆسەی سیاسی لە توركیا دەستیپێكرد، بارودۆخی سووریا وای بەسەرهات و حیزبە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان بڕیاریان دا پێكەوە كار بكەن، ئەوە زەمینەی بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی خۆشكرد. ئەو پێشنیازە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كرا، كۆمیتەكەش پێكهێنرا، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام و بارودۆخی رۆژئاوای كوردستانیش گۆڕا. بۆیە تاوەكو كێشەكانی رۆژئاوای كوردستان چارەسەر نەكرێن، كۆنگرەی نەتەوەیی نابەسترێ.
كۆنگرەی نەتەوەیی مەسجێك بوو بۆ ئەمریكا و ئەوروپا

رووداو: هیچ وڵاتێكی هەرێمی رۆڵی هەبوو لە دواخستنی كۆنگرەی نەتەوەیی؟

د.فوئاد حوسێن: ئەگەر تۆ باسی ئەوە بكەی كە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد وەسیلەیەكە بۆ دامەزراندنی كوردستانی گەورە، ئەوە بێگومان كاردانەوە دەبێت. كۆمەڵێك لێدوانیش لەوبارەیەوە دران. پێشبینی خەڵكیش بەرز كرایەوە، ئەوەش كاردانەوەی وڵاتانی هەرێمی و وڵاتانی دونیای لێكەوتەوە.

رووداو: ئامانجی كۆنگرەكە چی بوو، تەنیا پەیامێك بوو كە كورد دەتوانێت لەسەر مێزێك كۆببێتەوە؟

د.فوئاد حوسێن: كە باسی ئامانجی كۆنگرە دەكرا، زۆر پێشنیاز دەكران، هەندێك دەیانگوت وەسیلەیەكە بۆ دامەزراندنی كوردستانی گەورە، هەندێكیان باسی شتێكی هاوشێوەی یەكێتی ئەوروپا و كۆمكاری عەرەبییان دەكرد. تەنانەت هەندێكیان باسی ئەوەیان دەكرد كە سەركردایەتییەك دروست ببێ بەناوی سەركردایەتی نەتەوەیی. ئەو تەرحانە هەڵە بوون.

رووداو: تۆ لە بارزانی نزیكبووی، ئامانجی بارزانی لە بەستنی ئەو كۆنگرەیە چی بوو؟

د.فوئاد حوسێن: ئامانجی بارزانی ئەوە بوو كە كورد یەك پەیامی هەبێت، بە دونیای دەرەوە بڵێت ئێمە یەك نەتەوەین و ئەوەش ناسنامەمانە. راستە دابەشبووین، بەڵام یەك نەتەوەین، هەر پارچەیەكیش بارودۆخی خۆی هەیە، بەڵام پەیامی ئەو نەتەوەیە ئەوەیە بگەینە ئامانجی خۆمان، بەڵام بەشێوەی دیالۆگ و ئاشتی و سیاسی. ئەو كۆنگرەیە بۆ ئەوە بوو مەسجێكی سیاسی بدەیتە دونیای دوور كە ئەو میللەتە هەیە. ئەو میللەتە مافی هەیە، ئەو میللەتە پێویستە بگاتە ئامانجی خۆی.
PKK و توركیا پرەنسیپی دیالۆگ رەتناكەنەوە بەڵام لەسەر جێبەجێكردنی داواكارییەكان رێكناكەون

رووداو: مەبەستت لە دونیای دوور ئەمریكایە؟

د.فوئاد حوسێن: ئەمریكا و ئەوروپاش.

رووداو: تۆ سیاسییەكی زۆر دێرینی، كاتی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بوو؟

د.فوئاد حوسێن: بەو شێوەیە نەخێر. چونكە شێوەكە هەڵەبوو. ئێستا ساتی بەستنی كۆنگرەكە بوو، بەڵام ئامانجی كۆنگرەكە گۆڕدرا.

رووداو: كێ مەساری ئامانجەكانی كۆنگرەی گۆڕی؟

د.فوئاد حوسێن: گفتوگۆ زۆر كرا، بەڵام نەدەبووایە هەموو گفتوگۆیەك بێتە سەر میدیا، تۆ دەتوانی باسی هەموو شتێك بكەی، بەڵام كە نەگەیشتیتە ئەنجام، بۆچی لە راگەیاندن باسی دەكەی.

رووداو: هەست ناكەی گرفتەكە لە ئاستی بەشداریكردن بوو، هەرێمی كوردستان وەكو پارچەیەكی دانپێدانراوەو هەرێمێكی فیدراڵە، بەڵام ئەوانی دیكە حیزب بوون؟

د.فوئاد حوسێن: دەعوەتەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەی هێزە سیاسییەكان كرا، كۆمیتەی ئامادەكاری نوێنەری هێزە سیاسییەكان بوو، لە كۆتاییدا ئەوان بڕیاریان دا، بەڵام هەرێمی كوردستان واقیعێكی دەستوورییە، ناسنامەیەكی قانوونی و سیاسی هەیە، بۆیە حیسابی بەرژەوەندی ئابووری و كۆمەڵایەتی خۆی دەكات.

رووداو: هەندێك پێشنیاز كران كە سەرۆكایەتی ئەو كۆنگرەیە بە شێوەی دەوری بێت یان بە شێوەی سیستمی هاوسەرۆكایەتی بێت، بەڵام بارزانی ئەو پێشنیازانەی رەتكردنەوە، ئایا ئەوە تا چەند كاریگەری هەبوو؟

د.فوئاد حوسێن: ئەو پرسیارە لە برادەرانی كۆمیتەی ئامادەكاری بكە، ئەوان نەچوونە قوڵایی ئەو مەسەلەیە. هەنگاوێكی پێش ئەوە هەبوو كە چەند كەس بەشداری بكەن، گوتیان 600 كورد بەشدار بێت لەگەڵ 300 میوان، جارێ ئەوە هەڵەبوو كە تۆ 1000 كەس بۆ كۆنگرەیەك داوەت بكەی. ئەوە تۆ چۆن رێكیدەخەی. ئەو 600 كەسە چۆن دابەشدەكەی، بۆ نموونە هێزەكانی رۆژهەڵات پێشنیازیان دەكرد كە بۆ هەر پارچەیەك 150 كەس دابنێن، هێز هەبوو قبوڵی نەدەكرد دەیگوت نفوزم زۆرترە.

رووداو: كێ قبوڵی نەدەكرد؟

د.فوئاد حوسێن: بۆ نموونە PKK دەیگوت ئێمە نفوزمان زۆرترە، باسی كوردی باكووریان دەكرد كە ژمارەیان زۆرە، ئەوە یەكێك بوو لە كێشەكان كە نەگەیشتنە رێككەوتن.
داوەتكردنی 1000 كەس بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی هەڵە بوو

رووداو: سەردانەكەی بارزانی بۆ ئامەد دەبێتە هۆی نزیكبوونەوەی PKK لە هەولێر؟

د.فوئاد حوسێن: PKK و توركیا ئێستا لە پرۆسەیەكی دیالۆگدان، بەیاننامە دەردەچێت كە پرۆسەكە وەستاوە یان بەردەوامە، دوور نییە ئەوە پەیوەندی بە تەكتیكی دیالۆگەوە هەبێت، بەڵام ئەوە روونە كە ئەوان دیالۆگ دەكەن لەگەڵ ئۆجەلان. ئەو دیالۆگە هەر بەردەوامە.

رووداو: دوایینجار كە لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەردانی توركیات كرد، ئەوان چ دەڵێن لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، گەشبینن بەو پرۆسەیە؟

د.فوئاد حوسێن: ئەوان پاكێجێكیان پێشكەشكردووە و دەڵێن ئەوە سەرەتای پرۆسەكەیە، ئەملاش دەڵێت ئەوە كەمە یان ئەوە هیچە. شەڕەكە لەسەر ئەوە نییە پرەنسیپی دیالۆگ رەتبكەنەوە، بەڵام شەڕەكە لەسەر جێبەجێكردنی داواكارییەكانە.

رووداو: ئێوە چۆن سەیری ئەو پاكێجە دەكەن لە كاتێكدا ناوی كوردی هەر تێدا نەهاتووە؟

د.فوئاد حوسێن: كە ئەو دەڵێت ئەوە هەنگاوی یەكەمە تۆ چی دەڵێی. ئەو دەڵێت ئەوە پرۆسەیە، پرۆسەش واتا بەردەوامبوون. بۆ زانیاریشت لە سەردانەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت ئەگەر نەڵێم ئەوان تەرحیان كرد، بەڵام ئەوان لەگەڵ سەرەتای پرۆسەكە بوون. ئەو تەرحانە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە بۆ سەرۆك وەزیرانی توركیا. ئەوان گوێیان گرتووە لە سەركردایەتی كوردستان، ئەوان دوور نین لەو پرۆسەیە.

رووداو: ئەی بۆچی نە حكومەتی توركیا و نە PKK باسی ناكەن؟

د.فوئاد حوسێن: ئەوە مەسەلەیەكی ناوخۆی توركیایە، بەڵام پەیوەندیشی هەیە بە ئێمەوە، باسی كورد دەكرێت كە هەردوولامان كوردین، جگە لەوەش ئێستا هەرێمی كوردستان پەیوەندی هەیە لەگەڵ توركیا.

رووداو: گۆڕینی قیادەی PKK تا چەند كاریگەری هەبوو لەسەر پرۆسەكە؟
بارودۆخی یەكێتی كاریگەری دەبێت لەسەر بارودۆخی گشتیی كوردستان

د.فوئاد حوسێن: ماوەیەكە قسەی توند هەیە، بەڵام پرۆسەكە بەردەوامە.

رووداو: كۆنتاكت لە نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و قەندیل هەیە؟

د.فوئاد حوسێن: بەڵێ پەیوەندی هەیە.

رووداو: لەسەر پرۆسەی ئاشتییە یان رۆژئاوای كوردستان؟

د.فوئاد حوسێن: دوو كورد لە هەر شوێنێك یەكدی ببینن باسی كورد دەكەن.

رووداو: هیچ كۆنتاكتێك لە نێوان بارزانی و جەمیل بایك هەیە؟

د.فوئاد حوسێن: ئەوە نازانم.

رووداو: تۆ پێتباشە هەبێت یان نا؟

د.فوئاد حوسێن: بەدڵنیاییەوە هەبێت باشە.

رووداو: بەڕێز بارزانی لە رێگەی كۆمیتەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی پەیام دەنێرێت بۆ قەندیل؟

د.فوئاد حوسێن: بەڕێز بارزانی كەناڵی زۆرن، موحتاجی كۆمیتە نییە.

قەیرانی پارێزگاری سلێمانی

رووداو: بارزانی پەیامێكی توندی دا لەبارەی جیابوونەوەی سلێمانی، ئایا مەترسییەك هەیە بۆ جیابوونەوەی سلێمانی؟

د.فوئاد حوسێن: باس دەكرا، كۆمەڵێك لە میدیاكان، لەلایەن كۆمەڵێك سیاسەتمەداری هێزێك ئەو بابەتە تەرح كرا. ئەوە مەترسیدارە، سەرۆك بارزانیش بە روونی وەڵامی ئەوەی دایەوە و گوتی ئەوە هێڵی سوورە.

رووداو: قسەی میدیاكان بەسە بۆ ئەوەی كاردانەوەی توند هەبێت؟

د.فوئاد حوسێن: نەخێر، بەڵام حكومەتیش وەڵامی دایەوە، ئەوە جیاوازە تۆ ململانێی سیاسی بكەی و پێشنیازی خۆت هەبێت. گەرەكت بێت بەشدار بی لە حكومەت. ئەو بیرۆكەیە ئەگەر تەرحیش بكرێ ئاساییە گفتوگۆی لەسەر بكەی. بەڵام ئەوە بیرۆكەیەك بێت و بكرێتە پلان و جێبەجێ بكرێ ئەوە مەترسیدارە.
ئێستا پەیوەندی سیاسیم لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا نییە

رووداو: بەیاننامەكە زۆر توندبوو لەسەر بنەمای زانیاری بوو یان قسەی میدیاكان؟

د.فوئاد حوسێن: توندییەكەی لە كوێ بوو؟

رووداو: توندییەكەی ئەوە بوو لە ناكاو بوو.

د.فوئاد حوسێن: نا، ئەو بابەتە پێشتر تەرح بوو بوو، دواتریش لە میدیاكان باس كرا.

رووداو: تۆ زۆرجار نەوشیروان مستەفا دەبینی، ئایا بیرۆكەیەكی وای هەبووە سلێمانی جیابكاتەوە؟

د.فوئاد حوسێن: من دانەنیشتووم فكرەی كاك نەوشیروان شیبكەمەوە ئەوە لە خۆی بپرسە.

رووداو: پەیوەندی تۆ و نەوشیروان مستەفا پەیوەندی بە گۆڕان و پارتییەوە هەیە؟

د.فوئاد حوسێن: من كە پەیوەندی بكەم لەسەر بنەمای ئەوە دەبێت كە داوام لێبكرێت، هەر پەیوەندییەكیش بكرێ لە چوارچێوەی سیاسەتە. بەڵام سیاسییەن ئێستا پەیوەندیم نییە.

رووداو: گۆڕان حوكمی محەلی دەوێت، ئێوە بۆچی رێگری لەوە دەكەن؟

د.فوئاد حوسێن: مەسەلەی لا مەركەزییەت مەترەحە، لە ئەنجوومەنی وەزیران چەند جارێك گفتوگۆی لەسەر كراوە، هەرێمی كوردستان بەرەو لامەركەزی ببەین لەڕووی ئیداری. ناكرێت بۆ مامەڵەیەك لە كەلارەوە بێیت بۆ هەولێر. بەرە بەرە بەرەو موئەسەساتی دەچین و دەبێت ئەوەش شۆڕ ببێتەوە بۆ خوارەوە.

رووداو: گۆڕان مافی ئەوەی نییە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەبەرێت؟

د.فوئاد حوسێن: با هەڵبژاردن بكرێت ئینجا، لە 2005 ئەوانەی چوونە نێو ئەنجوومەن وەك یەكێتی چوون، پاشان بوونە گۆڕان. دواتریش یەكگرتووی ئیسلامی بەیاننامەیەكی دەركرد و گوتی ئێمە بەشدار نابین لەو مەسەلەیە. ئەگەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە با هەڵبژاردن بكرێت.

رووداو: سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت بارزانی گوتوویەتی دانانی بەهرۆز محەممەد ساڵح نایاساییە، بەڵام بە ناچاری قبوڵی دەكەم. بۆ ئێستا ئەو گۆڕانكارییە ناكرێت؟
من دانەنیشتووم فكرەی كاك نەوشیروان شیبكەمەوە

د.فوئاد حوسێن: نەخێر ئەوە وا نییە كە بارزانی بە ناچاری واژووی كردبێ. ئێمە هەر شتێكمان بۆ بێت بەشی یاسایی تێبینی خۆی دەدات و ئێمە تێبینی خۆمان دەدەین، دواجار بابەتەكە دەچێتە بەردەم بارزانی، دواتریش هەندێك بارودۆخیش حوكم دەدات، بەڵام مەسەلەكە ئەوە نییە كە ئەو كارە بە ناچاری كرابێت.

پێكهێنانی حكومەت

رووداو: چەند بە واقیعی دەبینی، گۆڕان بەشداری حكومەتی داهاتوو بكات؟

د.فوئاد حوسێن: ئەوە دەوەستێتە سەر دانوستاندنەكان.

رووداو: گۆڕان كە خۆی بە بەدیلی یەكێتی و پارتی دەزانێت دەكرێ بەشدار بێت لە حكومەت؟

د.فوئاد حوسێن: پێشبینیكردن باش نییە، چونكە دانوستاندن دەستپێدەكات، لەو باوەڕەدام لەم هەفتەیەدا دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات. دانوستاندنەكەش كراوە دەبێت.

رووداو: ئەو شەراكەتەی لە نێوان یەكێتی و پارتی دروستبووە، لە نێوان گۆڕان و پارتی دروست دەبێ؟

د.فوئاد حوسێن: شەراكەت لەسەر بنەمای بەرنامە و تیم دەبێت، زۆرجار دوو مرۆڤ توانایان زۆرە، بەڵام ناتوانن بەیەكەوە كار بكەن، بۆیە كاتێك تۆ باسی شەراكەت دەكەی، دەبێت عەقڵییەتی تیمیش دروستبكەی.

رووداو: گۆڕان ئەو ئامادەییەی تێدایە؟

د.فوئاد حوسێن: من ناتوانم لەو بارەیەوە گۆڕان هەڵبسەنگێنم، دانوستاندن دەستپێدەكات و بنەمای ئەو دانوستاندنە ئەوەیە كە شەراكەت دروست بكەیت.

رووداو: رای بارزانی ئەوەیە كە هەموو لایەنەكان بەشداربن یان تەنیا پارتی و یەكێتی؟

د.فوئاد حوسێن: رای سەرۆك بارزانی ئەوەیە كە دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەك بكرێت و لەسەر بنەمای ئەو دانوستاندنە حكومەت پێكبێت.

رووداو: ئەو بارودۆخەی لە سلێمانی دروستبووە بەهۆی دۆڕانی یەكێتییە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئایا بارودۆخی ئەو حیزبە گەیشتووەتە ئەو راددەیەی كە قەیرانێك لە كوردستان دروست بكات؟
هەر شتێكمان بۆ بێت بەشی یاسایی تێبینی خۆی دەدات

د.فوئاد حوسێن: وایە، قەیرانێك هەیە، قەیرانەكەش گەورەیە، یەكێتی و پارتی باڵانسی كوردستانیان بەدەستەوەیە، تۆ شەریكێكت هەبێت كە لە قەیراندا بێت كاریگەری لەسەر تۆش دەبێت. ئەو قەیرانە سەرەتا لە سلێمانی دروستبووە، بەڵام كاریگەری لەسەر هەموو كوردستان هەبووە. پێویستە رێگەیەك بدۆزرێتەوە، ئەوەی دەتوانێ ئەو رێگەیەش بدۆزێتەوە سەركردەكانی یەكێتی خۆیانن. بەڵام ئەگەر ئەوان بڕیار نەدەن، كەسێكی دیكە ناتوانێت بڕیار بدات.

رووداو: دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی بەڕێز بارزانی زۆر لەسەر خەت بوو لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی و لەگەڵ خێزانی تاڵەبانی و بەشداری كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد، بەڵام بەو دواییە دووركەوتنەوەیەك هەیە، ئایا یەكێتی خۆیان ئەوەیان ناوێت؟

د.فوئاد حوسێن: نەخێر، لە دوای نەخۆشكەوتنی جەنابی مام جەلال، لە هەفتەیەكدا دووجار چوو.

رووداو: بەڵام دوای هەڵبژاردن نەچوو؟

د.فوئاد حوسێن: ئێستاش پەیوەندی هەیە، بەڵام كێشەش هەیە لەنێو یەكێتی.

رووداو: كێشەكە سەرچاوەكەی لە رێككەوتننامەی ستراتیژییەوە نەبوو، بە تایبەتی دوای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان؟

د.فوئاد حوسێن: نەخێر وا نییە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش یەكێتی دەنگی كەمی هێنا. ئەگەر بۆ هۆكار دەگەڕێیت دەبێت قووڵتر بچیتە ناو مەسەلەكە، بەڵام ئەگەر بۆ چارەسەر دەگەڕێیت، ئێستا ناتوانی چارەسەری بكەی چونكە ئەوە پەیوەندی هەیە بە مێژووەوە. كێشەكانی یەكێتی كۆنن.

رووداو: پێتوایە كێشەكانی یەكێتی بە پلینیۆم و كۆنگرە چارەسەر بكرێن؟

د.فوئاد حوسێن: هیوادارم، ئەگەر قیادەی یەكێتی رێككەون و هەر كەسێك رۆڵی خۆی قبوڵ بێت و رۆڵی بەرامبەریشی قبوڵ بێت، دەتوانن بۆ ماوەیەك بە سەركردایەتییەكی بەكۆمەڵ یەكێتی بەڕێوەببەن و كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

رووداو: بەڕێز بارزانی بەردەوام لەسەر خەتە، هیچ پێشنیازێكی هەیە بۆ یەكێتی؟

د.فوئاد حوسێن: سەرۆك بارزانی دەیەوێ یەكڕیزی لە نێو یەكێتیدا هەبێت، چونكە بارودۆخی یەكێتی كاریگەری دەبێت لەسەر بارودۆخی گشتی كوردستان. راستە كورسی كەمی هێناوە، بەڵام توانا و قودرەتی یەكێتی دیارە، قودرەتی جوگرافی هەیە، هێزی ئابووری و ئەمنی و ئاسایشی هەیە جگە لە هێزی رێكخستنیش. بۆیە ئەگەر یەكێتی پارچە پارچە بێت كاریگەری دەبێت.

رووداو: لە دەنگدانی تایبەت دەنگێكی زۆری لەدەستداوە، ئایا پێتوانییە نفوزی یەكێتی لەسەر ژێرخانی ئابووری و سەربازی كوردستان كەم دەبێتەوە؟
رای سەرۆك بارزانی ئەوەیە كە دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەك بكرێ

د.فوئاد حوسێن: ئەگەر ململانێیەكی ناوخۆت هەبێت لە ناوخۆدا نفوزت كەمدەبێتەوە، كە لە ناوخۆشدا نفوزت كەم بووەوە لە دەرەوەش كەم دەبێتەوە. ئەو كوتلە و كوتلەبازییە بەڕاستی كاریگەری هەبووە لەسەر یەكێتی. پێش نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی ئەو كوتلانە هەبوون، بەڵام مەرجەعیەتێك هەبوو چارەسەری دەكرد.

رووداو: بارزانی هیچ پێشنیازێكی داوە بەیەكێتی؟

د.فوئاد حوسێن: تەدەخول لە ناو ئیشوكاری حیزبێكی دیكە ئیشی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام لە مەوقعی بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر هێزە سیاسییەكان، بە تایبەتیش هێزێك كە كاریگەری هەبێت لەسەر بارودۆخی كوردستان، ئەوە ئاساییە لەگەڵیان دادەنیشێ و ئامۆژگارییان دەكات.

رووداو: ئامۆژگارییەكە چییە بە تایبەتی؟

د.فوئاد حوسێن: ئەوەیە كە یەكڕیزی هەبێت لە نێو یەكێتی.

رووداو: ئایا یەكێتی ئەهلیەتی شەراكەتی ماوە لەگەڵ پارتی؟

د.فوئاد حوسێن: مەفهومی شەراكەت چییە، ئەگەر رۆڵی حیزبێكی سیاسی بێت، یەكێتی تاوەكو ئێستا حیزبێكی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، كورسی هەیە، بۆچی موئەهەل نییە.

رووداو: هەر هەمان رۆڵە كە پێش 2009 هەیبوو؟

د.فوئاد حوسێن: دانوستاندن دەستپێدەكات لەسەر بنەمای دانوستاندن بڕیار دەدرێت ئەو شەراكەتە چۆن دەبێت و كێ دەبێتە شەریك. یەكێتی هێزێكی سیاسییە بۆ شەراكەت.

رووداو: بۆ گۆڕان ئەو هێزە سیاسییە نەبێت؟

د.فوئاد حوسێن: من كە باسی شەراكەت دەكەم، مەبەستم شەراكەتە لە حكومەت. تۆ بۆ حكومەت دوو هاوكێشەت هەیە، هاوكێشەی ژمارە، كە تۆ پێویستت بە 56 كورسییە، هاوكێشەی دووەمیش هاوكێشەی سیاسیە كە تۆ تا چەند دەتەوێت ئەو حكومەتە فراوان بێت.

رووداو: هیچ هێڵێكی سوور هەیە بۆ ئۆپۆزیسیۆن؟

د.فوئاد حوسێن: نەخێر هیچ هێڵێكی سوور نییە بە پێچەوانەوە دەرگا كراوەیە.

رووداو: ئەگەر گۆڕان ببێتە بەدیلی یەكێتی لە حكومەتی داهاتوو، پارتی هیچ هێڵێكی سووری بۆ دادەنێت؟
توانا و قودرەتی یەكێتی دیارە

د.فوئاد حوسێن: كەس نابێتە بەدیلی كەس، بەڵام تۆ ئەگەر بەرنامەیەكت هەبێت لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە بگەیتە ئەنجام دەبێتە بەرنامەیەكی هاوبەش، هەر كەسێك بەشداری لە حكومەت بكات بەشی خۆی هەیە لەو بەرنامەیە. ئەگەر هەیكەلێكی تازە دروست بكەیت، كە لەچەند هێزێك بێت مانای وایە خەڵكی ئەو هێزانەش لە نێو حكومەتن.

رووداو: هێزە ئیقلیمییەكان تا چەند كاریگەرییان هەیە لەسەر پێكهێنانی حكومەت، بۆ نموونە ئێران؟

د.فوئاد حوسێن: راستە ئەوان دێن گفتوگۆ لەسەر حكومەت دەكەن، بەڵام هێزە سیاسییەكانی كوردستان بڕیاری پێكهێنانی حكومەت دەدەن، بەڵام دوور نییە ئێران بڵێت فڵان حیزب لە حكومەت بێت.

رووداو: رای ئێران لەسەر یەكێتی چی بوو؟

د.فوئاد حوسێن: ئەوە لە ئێران بپرسە.





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 750