سەرۆك بارزانی بۆ رۆژنامەی الحیاة


KRP.org | |


06/04/2014
ڕۆژنامەی (الحیاة) ی نێودەوڵەتی لە ژمارە 18628 ی ڕۆژی 5/4/2014 دیمانەیەكی لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە، ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە:

* جەنابی سەرۆك لە كاتێكدا ناوچەكانی دەوروبەری هەرێم گڕی گرتووە سەرم لە هێمنی تۆ سووڕماوە؟

-سەرۆك بارزانی: سوپاسی خوا لەسەر ئەو سەقامگیرییە دەكەین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆشنبیرییەی كە گەلی كورد لەسەری راهاتووە كە ئەویش رۆشنبیری لێبووردەیی و پێكەوەژیانی دوور لە تۆڵە سەندنەوەیە، ئێمە لاپەڕەیەكی نوێمان لەگەڵ خۆمان و كەسانی دیكە هەڵدایەوە، كە ئەمەش بەرهەمی بە ئاگایی گەل و دەزگای ئاسایشە.

* ئایا هۆكارەكەی ئەوە نییە رەوشی هەرێم لە جاران باشترە؟

-سەرۆك بارزانی: روونە باشترەو دەمانەوێت زیاتر گەشەی پی بدەین، ئاسایش و گەشەسەندن و دابین كردنی هەڵی كارمان دەوێت، زانكۆی پێشكەوتوو گەشەسەندنی هەقیقیمان دەوێت.

* ماوەی چەند ساڵێكە هەركاتێك سەردانی عێراق دەكەم هەست دەكەم زیاتر بەرەو لێكترازان دەچێت؟

-سەرۆك بارزانی: بەداخەوە، دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن هەوڵمان دا ئەزموونی كوردستان بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق ببەین، داوامان كرد رۆشنبیریی لێبووردەیی پیادە بكرێت و پەند لە رابردوو وەربگرین، بەڵام ئەوە رووی نەدا، بەداخەوە زۆرێك پەنایان بۆ تۆڵەسەندنەوەو تۆڵەسەندنەوەی بەرامبەر برد، ئێستا هەست بە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئاییندەی عێراق دەكرێت.

* مەترسی گەورە لەسەر یەكێتیی عێراق؟

-سەرۆك بارزانی: بە تەئكید، عێراق بەرەو ترازانە. هیواداربووین دیمەنەكە پێچەوانە بوایە، بەڵام پێویستە لەگەڵ واقیع و هەقیقەتەكان رەفتار بكەین، ناسەقامگیرییەكی زۆر هاتۆتە ئاراوە، تیرۆر لە ناوچەكانی رۆژئاوا بڵاو بۆتەوە، هەندێ شار لەدەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتن، تیرۆریستان بە ئاشكرا چالاكیی تیا دەنوێنن.

* ئایا پرۆسەی سیاسی لە عێراقی دوای سەدام شكستی هێناوە؟

-سەرۆك بارزانی: لەسەر لێواری شكستهێنانە.

* ئایا بۆ لێكتێگەیشتن لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق سەختە؟

-سەرۆك بارزانی: هەڵسوكەوتی تاكە كەسیی و نەبوونی بڕوا بە دیموكراتییەت و قبوڵ كردنی لایەنی تر، تا ئێستا رۆشنبیریی حوكمی شمولی پیادە دەكرێت، رەتكردنەوەی بەرامبەر دەبێتە هۆكاری پشێویی و هەڕەشە و پێكدادان.

* ئایا پێتوایە رۆشنبیریی حوكمی شمولی لە بەغدا هۆكاری لەبەریەك هەڵوەشانەوەی عێراق بێت؟

-سەرۆك بارزانی: بەڵی ئەمە هۆكاری سەرەكییە، ئەم رۆشنبیرییە هۆكاری جێبەجی نەكردنی دەستوورو لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی عێراقە، هەر بە هۆكاری ئەمە بوو رێكەوتننەكان جێبەجێ نەكران و دووری كەوتە نێوان پێكهاتەكانی.

* یەكێ لە سیاسییەكان گوتوویەتی عێراق بەرگەی بوونی دوو پیاوی بەهێز یەكێ لە بەغداو یەكێ لە هەولێر ناگرێت، ئایا ئەمە راستە؟

-سەرۆك بارزانی: پێموایە هێزی راستەقینە دەبووایە گەل و رای گەل بووایە، لەسەر بەرپرس پێویستە خۆی بە متمانەی خەڵك و رێزگرتن لە دەستوورو دامەزراوەكان بەهێز بكات, رەوشی ئێستای كوردستان لە ئاكامی هەڵبژاردنی راستەوخۆیە، بەڵام پیاوە بەهێزەكەی بەغدا لە ئاكامی تەوافوقی هێزە سیاسییەكانە، جا ئەگەر كارەكە پەیوەندی بە هەولێر یا بە بەغداوە هەبێت، دەبوایە دوا قسە بۆ خەڵك و لە میانەی دامەزراوەكان دا بوایە، نەك چارەنووسی وڵاتێك یا ناوچەیەك بە ویست و ئیرادەی پیاوێك بێت، ئەمە كارێكی ترسناكەو رۆژگاریش سەلماندوویەتی تێچووی زۆری دەكەوێتە سەر.

* ئایا تۆ لە پاڵپشتی كردنی نوری مالیكی بۆ گەیشتنی بە پۆستی سەرۆك وەزیران پەشیمان نیت؟

سەرۆك بارزانی: ناكرێت تۆ دادگایی قۆناغێكی رابردوو بە دەرهاوێشتەكانی ئێستاوە بكەیت، لە پاڵپشتی كردنی بەرێز مالیكی پەشیمان نیم، دواتر من نامەوێت بابەتەكە بخەمە خانەی كەسایەتییەوە، ناسۆرییەكان دوای ئەمە روویاندا.

* ئایا بۆ لە نێوان تۆو مالیكدا پەیوەندییەكی كار لە چوارچێوەی دەستوور دروست نەبوو؟

-سەرۆك بارزانی: بە هۆكاری بوونی دوو لێكدانەوە بۆ دەستوو و شێوازی حوكمڕانی، رەنگە ئەو پێی وابێت پێویستە هەموو شتەكان بۆ بەغدا بگەڕێنەوە، ئەمەش لەگەڵ بۆچوونی ئێمە جیاوازەو بەو چاوە سەیری عێراق دەكەین لە دوو نەتەوەی سەرەكیی نەك تاكە نەتەوەیەك پێكهاتووە، گەلی كورد قوربانی زۆری داوە ناكرێت ئەمە فەرامۆش بكرێت یا لەبیر بچێتەوە، بەڕێز مالیكیش پێی وایە ئەو خاوەن بڕیارەو لەسەر خەڵكانی ترە پابەندی بڕیارەكانی بن، پابەندی ئەو خاڵانە نەبوو كە دەستوور بۆ هەرێمی كوردستانی دیار كردووە، پابەندی ئەو رێككەوتنانەش نەبوو كە لەسەری پێكهاتبووین، ئەمەش هۆكارەكەیە.

* ئێستا سوپای عێراق لە ئەنبار دەجەنگی، ئایا مەترسی ئەوەتان نییە رۆژێك دابیـَت هەوڵی تەمبی كردنی هەرێمی كوردستانیش بدات؟

-سەرۆك بارزانی: هیوادارم كەسێك لە بەغدا بیر لە بەكارهێنانی سوپا بۆ شكاندنی هەیبەتی كوردستان نەكاتەوە، یا هەوڵی بەزۆر ناچاركردنی بدات یا شەڕی ملململانێی ئیرادەی لەگەڵ دەست پێبكات، ئێمە بە هیچ جۆرێك بیر لە گەڕانەوە بۆ زەمەنی شەڕو كوشتار ناكەینەوە، من لە هیچ سوپایەك ناترسم، ئەوەی لێی دەترسم رۆشنبیریی بەكارهێنانی هێزو سوپایە بۆ ناچاركردنی خەڵك، ئەو رۆشنبیرییە لەبەر ئەوەی كارەساتەكانی رابردوو دووبارەدەكاتەوە، دەمترسێنێ، هیوادارم كەس موجازەفەیەكی لەو جۆرە نەكات، فەرمانڕەوایانێكی زۆر كە خاوەن سوپای گەورە بوون ئەمەیان تاقیكردۆتەوە، بەڵام ئاكامەكەی ئێستای لێكەوتەوە، هەر هەوڵێكی لەمجۆرە بێگومان شكست دێنێت.

* چۆن لەو رووداوانە دەڕوانی كە لە ئەنبار روودەدات؟

-سەرۆك بارزانی: سەرەتا دەربڕینی ناڕەزایی لە ئەنبار بە شێوەیەكی ئاشتیانە سەری هەڵداو داواكاری رەوایان بەرز كردبۆوە، خەڵكەكەی رووبەڕووی كەمیی خزمەتگوزاری و سیاسەتی جیاكاری و نادادوەری ببوونەوە كە مافی هەر هاوڵاتییەكە داوای مافی خۆی بكات، بەڵام حكومەت زوو بەدەم داواكارییانەوە نەچووەو درێژەی پێدرا، هەندێ پێكدادانی سەربازی سەرهەڵدانی و كەشی توندوتیژی لێكەوتەوە، ئەمەش هەلی بۆ تیرۆریستان رەخساند خۆیان بخزێننە ریزی خۆپیشاندەران و خەریك بوو دەست بەسەر گۆڕەپانەكە دابگرن. كێشەكە لەوە دایە كاتێك تۆ دەتەوێت لە تیرۆریستێك بدەی كە خۆی لە نێو شارێك حەشار داوە كەسی بی گوناهیش دەكوژیت، لە سەرێكی دیكەشەوە ناكرێ بە هیچ شێوەیەك كار ئاسانی بۆ تیرۆریستان بكرێت، ئێستا جیاكردنەوەی خاوەن داواكاری راستەقینەو تیرۆریستان كارێكی سەختە.

* هەندێ پێیان وایە رووداوەكان دەربڕی ململانێی نێوان شیعەو سوننەیە، ئایا دەكرێت لەمە زیاتر بوونی ئەو ململانێیە پەردەپۆش بكرێت؟

-سەرۆك بارزانی: زۆرێك دەیانەوێت پەردەپۆشی بكەن یا ناوێكی دیكەی پێ بپۆشن، بەداخەوە ئەو ململانێ كۆن و نوێیە بوونی هەیە، پێویستی بە سیاسەتێكی ژیرانەیە تا كۆنترۆڵی بكات نەك زیاتر گڕی بدات، پێش ماوەیەكی كەم گەڕەكی بەهرەس لە ناوچەی دیالە و باقوبە كرداری قێزەونی پاكتاوی مەزهەبی بەخۆیەوە بینی بە واتای وشەكە، قەسابخانە لەلایەن هەردوو لایەن روویداو ناكرێت پەردەپۆش بكرێت.

* ئایا پێتوایە پێكەوە ژیان شكستی هێناوە؟

-سەرۆك بارزانی: بەداخەوە خەریكە بڵێم بەڵێ، بە ئامانەتەوە ئێمە بەتوندی بەرگری لە ئاراستەی پێكەوە ژیانی نێوان كوردو عەرەب دەكەین هەوڵ دەدەین پەیوەندییەكە شكست نەهێنێت، ئەوپەڕی هەوڵیش بۆ مانەوەی پێكەوژیانی شیعەو سووننەكان دەدەین، بەڵام راكردن لە هەقیقەت سوودی نابێت، چارەسەركردنی كێشەكان بە داننان بە بوونی و ریشەكانی دەكرێت.

با دەستەواژە دیبلۆماسییەكان بخەینە لایەكەوە، پێكەوە یان خەریكە لە نێوان پێكهاتەكان بوونی نەمێنێت بەلای كەمەوە لە نێوان ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە یا ئەو گرووپانەی هەقیقەتی كاروبارەكان نازانن، پێموایە پێویستە پەیوەندی مێژوویی نێوان كوردو عەرەب بمێنێت، جێی نیگەرانییەو كارەساتە گەورەكە لەوەدایە هەندێ كەس بۆ زیاتركردنی جەماوەرێتی خۆیان تا لە هەڵبژاردنەكان سەركەوتن بەدەست بێنن كێشەو گرفت لە نێوان پێكهاتەكان دەنێنەوە، پێویستە خەڵك لەو كەسانەی بازرگانی بە دەمارگیری دەكەن وشیار بكرێنەوە.

* ئایا پێشبینی دەكەیت عەرەبە سووننەكان داوای پێكهێنانی هەرێمێك بۆخۆیان بكەن؟

-سەرۆك بارزانی: دەستوور ئەو مافەی پێ داون، لەبەر ئەوەی ترسی ئەوەم هەبوو دوای رووخانی رژێم شیعەو سوونەكان بەرەو شەڕی خوێناوی بخزێن، هەوڵم دا قەناعەت بە عەرەبە سووننەكان بهێنێم بیر لە هەرێمێك بۆخۆیان بكەنەوە، كە ئەوكات دەكرا هەوڵی بۆ بدەن، بەڵام ئەوان رەتیان كردەوە، چونكە هەر لەژێر كاریگەری ئەوە دابوون كە دەسەڵاتی عێراق بە شێوەیەكی تەقلیدی بۆ سوننەكانە و دەركیان بە قەوارەی ئەو گۆڕانكارییە نەكرد كە روویدابوو، ئێستا داوا دەكەن، بەڵام ئێستا كارەكە سەخت و ئاڵۆوتر بووە، ئەوان داوایان كردو بەغداش رەتی كردەوە.

* چی روودەدات ئەگەر سەرۆك وەزیرانی عێراق بریاری راگرتنی ناردنی هەموو داراییەكانی بۆ كوردستان دا؟


-سەرۆك بارزانی: ئەو پێشتر ئەو بڕیارەی داوە ئێستاش رەوشەكە بەم جۆرەیە، میانگیری ئەمریكا لە ئارادایە، دەرفەت بەو میانگیرییە دەدەین، من پێموایە بڕینی بژێوی كوردستان جاردانی شەڕە، لەوانەیە تاوانەكەی لە تاوانی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە مەترسیدارتر بێت، بۆ دەركەوتنی ئاكامی میانگیرییەكە ماوەیەك دەوەستین، بەڵام هەرێمی كوردستان لە ئاست ئەو رێوشوێنەو بەردەوامبوونی دەستەوەستان یا وەك سەیركار ناوەستێت، بەرنامەمان هەیە و پلانمان هەیە جێبەجێی دەكەین، هیوادارم میانگیرییەكە چارەسەكردنی لێبكەوێتەوە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەر تا دوا رێگا دەمێنینەوە، بەڵام ئەگەر رەوشەكە چارەسەر نەكراو هەر بەو شێوەیە مایەوە هەموو شتێك دەگۆڕدرێت.

* حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە كوردی بەدزینی نەوتی عێراق تاوانبار كرد؟

-سەرۆك بارزانی: وتەیەكی ناشیرینەو دەبووایە نەوترابوایە یا سەرچاوەكەی كەسێكی خاوەن بەرپرسیارێتی نەبوایە، بەرێز شەهرستانی كوردو مێژوو و خەباتیان باش دەناسێت، ئەوەی لە بواری وزەدا دەیكەین بە شێوەیەكی ئاشكراو لە چوارچێوەی دەستوور ئەنجامی دەدەین، ئەگەر ئەوان ویستیان بەو شێوازە قسە بكەن وەڵامەكەی ئەوەیە: ماوەی سەد ساڵە نەوتی كوردستان تاڵان دەكەن، ئەگەر نەوتی كوردستان نەبووایە عێراق دوای شەڕی یەكەمی جیهانی كە ئینگلیز دروستیان كرد نەیدەتوانی خۆی لەسەر پێ رابگرێت و بمێنێتەوە.

* مەبەستت نەوتی كەركووكە؟


-سەرۆك بارزانی: بێگومان بەڵێ، من حەز ناكەم بەو شێوازە بدوێم، بەڵام ناكرێت ئەوان بەو شێوازە خراپە لەگەڵ كورد بدوێن.

* ئایا لێدوانەكەی مالیكی لە دوای كوژرانی رۆژنامەنووسەكە بەدەست ئەفسەرێكی كوردی سەر بە پاسەوانی سەرۆك كۆمار تووڕەی كردی؟

-سەرۆك بارزانی: رووداوەكە مایەی نیگەرانییەو تاوانەكەش مایەی ئیدانەكردنەو پێویستە دادوەریی جێبەجێ بكرێت، پاسەوانەكانی پووچەڵكردەوە كە لە پێشمەرگە پێكنەهاتوون، زانیاری زۆرم لەسەریان نییە، بەڵام تاوانەكە ئیدانەكراوەو ئەگەر تاوانەكە بە دەستی ئەنقەست یا بەهۆكاری شەڕە قسە روویدابێت، پێویستە دادگا قسەی خۆی بكردبوایە نەك سەرۆك وەزیران بچێتە شوێنەكەو لەبەردەم شاشەكان بڵێت: من خوێنگرەوەم و خوێنیش لەبەرامبەر خوێنە، نەدەبوایە ئەم قسەیە لە زاری سەرۆك وەزیران كە خوێن هەڵگری هەموو عێراقییەكانە دەربهاتبوایە، ئەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو زیاتر لە چوار سەد مامۆستای زانكۆ شەهید كران، ئەی كێ خوێنگرەوەی ئەوانە؟

* مەبەستت ئەوان تیرۆر كران؟

-سەرۆك بارزانی: بەڵێ زیاتر لە چوار سەد كەس تیرۆركران، ئەی پاكتاوی مەزهەبی، كێ خوێنگرەوەی قوربانییەكانیانە؟ ئەمە وتەیەكی زۆر ترسناكە ئەگەر بەو شێوازە لەگەڵمان بدوێن و هەڕەشەمان لێبكەن، ئایا دەیانەوێت ئێمەش بپرسین كێ خوێنگرەوەی (182) هەزار كوردە كە لە هەڵمەتەكانی ئەنفال و (5) هەزار كورد كە زۆربەیان ژن و مناڵی هەڵەبجە بوون، كوژران؟ ئەی كێ خوێنگرەوەی (8) هەزاری بارزانییە كە بە زیندوویی لە بیابانەكانی باشووری عێراق لە گۆڕی بەكۆمەڵ لەژێر خان نران، ئەی كێ خوێنگرەوەی (12) هەزار لاوی كوردی فەیلییە كە لە زەمەنی سەدام دەستگیركران و ئێستاشی لەگەڵ دابێت چارەنووسیان نادیارە؟ ئێمە نەمانوت خوێن لەبەرامبەر خوێن، بەڵكە وتمان لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەینەوە، ئەو كاتەی سوپای سەدم لە كوردستان رووخا، لای ئێمە خانەوادەی شەهیدەكان میوانداری سەربازەكانیان كرد و تۆڵەیان لێنەسەندنەوە، ئێمە بە گەڕانەوە بۆ زمانی خوێن و تۆڵەسەندنەوە رازی نابین.

* ئایا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێرا ق لە كۆتایی ئەم مانگە دەكرێت گۆڕانكاری لێبكەوێتەوە؟

-سەرۆك بارزانی: هیوادارم هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و دەكرێت گۆڕانكاری بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی داین لە سات و كاتی خۆیدا، ئەگەر هەموو هێزەكان لەسەر بەرنامەیەكی دیاریكراو پێكهاتن، دەكرێت گۆڕانكاری لێبكەوێتەوە.

* ئایا دەكرێت دوای هەڵبژاردنەكان پشتگیری لە مانەوەی مالیكی لەدوای هەڵبژاردنەكان بكەن؟

-سەرۆك بارزانی: جارێ با چاوەڕێی ئاكامی هەڵبژاردنەكەو هەڵوێستی هێزەكانی دیكە بكەین، من نامەوێت كێشەكە بە كەسایەتی بكەم، من لە لایەن خۆمەوە رێز لە مالیكی دەگرم و ئێستاشی لەگەڵدابێت هاوڕێ و برای منە، ناكۆكیمان لەسەر چۆنیەتی شێوازی حوكم و ئەو رەفتارانەیە كە لەبەڕێوەبردنی دەوڵەت پشتی پێ دەبەستێت, كێشەكە كەسایەتیی نییە، هەتا ئەگەر ئەوەی دوای ئەویش لەسەر هەمان رێبازی ئەو رۆیشت، تەنیا لە دژی مانەوەی ناوەستین و بەڵكو رەنگە هەموو شتەكان گۆڕانكارییان تێكەوێت.

* هەندێ مالیكی بەوە تاوانبار دەكەن پێكهاتەكانی دیكە دەخاتە بەردەم ئەگەری سەخت: یا دەستەمۆی بن یا لێی جیاببنەوە؟

-سەرۆك بارزانی: ئەچمە نێو كرۆكی بابەتە ناكۆكەكان، لە هەقیقەتدا بودجەو كێشەكانی دیكە ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت دەكرێت چارەسەر بكرێت، بەڵام ترسناكترین شت ئەوەیە هەندێ خەون بە شكاندنی هەیبەتی كوردستان و دەستەمۆكردنی بۆ ژێر فەرمانڕەوایی تاكە كەسێك لە بەغدا دەبینن، بە راشكاوی ئەمە مەحاڵە رووبدات و چۆك دانادەین و رێگا بەكەس نادەین هەیبەتی هەرێم بشكێنێت یا لە كەرامەتی دانیشتوانی كەم كاتەوە، ئەمە كرۆكی كێشەكەیە، وەڵامەكەم لە رستەیەكدا چڕ دەكەمەوە، نابینە پاشكۆ، هاوبەشی بەسەرچاو، هاوپەیمانی بەسەر چاو، بەڵام پاشكۆیی نە پێشترو نە ئێستاش نابین بە پاشكۆی هیچ كەسێك، وەك هاوبەش دەمێنینەوە بەڵام نەك وەك پاشكۆ.

* ئایا سوریا بۆ بارودۆخی جارانی دەگەڕێتەوە؟

-سەرۆك بارزانی: پێموایە مەسەلەكە زۆر سەختە و لە هەمانكاتیشدا نیگەرانین لەوەی كە دەبینین سوریا بۆتە ڕووباری خوێن و رۆژانە ئەم دیمەنە سەختانەی تیادا دەبینین و پێشموانیە گەڕانەوە بۆ رابردوو شتێكی ئاسان بێت.

* پێتان وایە سوریا لەیەك دەترازێت؟

-سەرۆك بارزانی: بارودۆخی ئێستا رێگایەكن بۆ ئەم هەڵبژاردەیە

* وای بۆ دەچن سوریا گرفتی پێكەوەژیانی نێوان سوننە و عەلەوی و كورد و عەرەبی هەیە؟

-سەرۆك بارزانی: سوریا ئێستا لێكترازاوە، دەسەڵاتی ئەم وڵاتە كۆنترۆڵی بەشێكی كردووە و ناوچەكانی دیكەش هێزی جیاجیا و تیرۆریش شوێنی هەیە.

* پێتان وایە سنووری دەوڵەت تێكشكێندران؟ داعش لە عێراقەوە دەچێتە نێو سوریا و حزبوڵڵا لە لوبنانەوە و چەندین وڵاتی دیكەش بوونیان تیادا هەیە؟


-سەرۆك بارزانی: ئەمەیە راستی بارودۆخەكە، سوریا بە شێوەیەكی عەمەلی كەوت و پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە دەیانەوێ هەریەكە و گەورەترین بەشی ئەم وڵاتە بگرنە دەست.

* كەسانێك پێیان وایە رووخانی پێكەوەژیان و رووخانی سنوور پاڵ بە هەر گرووپێك دەنێن بۆ ئەوەی لە هەرێمی خۆیاندا جێگیر ببن ؟

-سەرۆك بارزانی: هەموو ئەو قەوارانەی لە دوای جەنگی دووەمی جیهان دروستبوون بۆیان هەیە لێكبترازێن و بگەڕێنەوە هەمان دۆخی جارانیان، تاكە چارەسەری ئەوەیە ئەم دەوڵەتانە قەناعەتیان بە پرەنسیپەكانی دیموكراسی و هاوبەشی راستەقینە بێت ئەگینا هەرەس دێنن، جیهان گۆڕدرا و گەلان لە هەستانەوەدان و كەسێك ناتوانێت هیچ كەسێك بۆ هیچ شتێك ناچار بكات و كەسێك قبووڵی زوڵم و پەراوێزخستن ناكات.

* وەكو هەرێمی كوردستان هیچ پاڵپشتیەكی سەربازیتان پێشكەشی كوردی سوریا كردوە؟


-سەرۆك بارزانی : نەخێر، لە بەرایی رووداوەكاندا من چەندین كەس و لایەن و كەسایەتیم داوەتكرد و پێشنیاری ئەوەم بۆكردن لەژێر یەك چەتردا كار بكەن و ئەوان دەستەی باڵایان پێكهێنا و پێمان گوتن هەرچی بڕیار بدەن بە یەكگرتوویی ئێمە پاڵپشتی دەكەین و پێشنیاری ئەوەشم بۆیان كرد كە خۆیان هەڵنەقورتێننە نێو شەڕ و گرفتن چونكە كەسانی دیكە لە دژی ئەوان هاندەدات، بەڵام بە داخەوە ئێستا ئەوان ناكۆكیان لە نێواندا هەیە، بەڵام ئێمە بە گشتی پاڵپشتیان دەكەین بۆ یەكبوونەوە و یەك هەڵوێستی، ئێمە هیچ پاڵپشتیەكی سەربازیمان نەداوە پێیان، چونكە ئەم مەسەلەیە كاردانەوەی یاسایی بەسەر هەرێمدا دەبێت.

* ئایا ئێران و توركیالەسەر ناكۆكیان هێناوەتە سەر خاكی كوردستان، ئایا گوشارتان لەسەرە؟

-سەرۆك بارزانی: بە خۆشحاڵیەوە و بەوپەڕی ئەمانەت و متمانەوە دەڵێم، پەیوەندیەكانمان لەگەڵ توركیا و ئێران هاوسەنگن و لە پێشكەوتندان و هیچ گوشارێكمان لەسەر نیە و ئەگەر هەشبێ قبووڵی ناكەین و هیچ كۆنترۆڵێك لە هیچ وڵاتێك قبووڵ ناكەین چ دوور بێت یان نزیك.

* بە ئەمەریكاشەوە؟

-سەرۆك بارزانی : بەڵێ، ئەو گەلەی ئێمە ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی بۆ ژێردەستی نەبوو.

* لە ئەیلوولی رابردوو تووشی كردەیەكی تیرۆریستی هاتن، ئەو تیرۆریستانە لە كوێوە هاتنە نێو كوردستان؟

-سەرۆك بارزانی: زیاتر لە 230 هەزار كۆچبەرمان لە هەموو بەشەكانی عێراقدا هەیە و رێوشوێنی بەهێزمان بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش گرتۆتە بەر كە كورد و عەرەب دەگرێتەوە و هەندێك عەرەب گلەییان لێیان هەبوو و ئێمەش رێوشوێنەكانمان سووكتر كردەوە. هەندێك لایەنی تیرۆریستی بە داعشەوە ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و داخلی هەولێر بوون و لە ماوەی شەش مانگ ئاگاداری بارودۆخی شارەكە بوون و پاشان 4 تیرۆریستی غەیرە عێراقی ئەو كردارەیان جێبەجێكرد و كوژران، لە ماوەی هەفتەیەكیشدا دەزگاكانی ئاسایش تیرۆریستەكانیان دەستگیركرد و بەرپرسی تۆڕەكە بۆ سوریا رایكرد دەستگیركراوەكان دانیان بەوەدا نا كە سەر بە داعشن و تەنها سەرۆكی تۆڕەكە خۆی دەزانی چوار تیرۆریستەكە ناسنامەیان چیە.

* تۆ كوڕی سەركردەیەكی خۆشەویستی لای كورد بەڵام ئەوەی تۆ كردت ئەو نەیكرد، ئایا كوڕ كێبڕكێی باوكی خۆی دەكات؟

-سەرۆك بارزانی : شانازی بەوە دەكەم كە كوڕی مەلا مستەفا بارزانیم، ئەو سیمبولی گەلە و لەسەر دەستی ئەو فێری زۆر شت بووم و من قوتابی ئەوم و بەشێكی زۆری ژیانی خۆم لەگەڵ ئەو بردە سەر، بەڵام شانازیش بە كەسایەتی خۆم و مێژوو و رێبازی خۆیشم و كردارەكانیشم دەكەم، بوونم بە كوڕی مەلا مستەفا دەرفەتی زۆری بە مندا و زۆر یارمەتیدام و توانیم متمانەی خەڵك وەربگرم و ئەوەی لە توانامدابوو پێشكەشمكرد، بارودۆخ لەسەردەمی باوكم جیاواز بوو لە رووی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشەوە، بەڵام ئەوەی هاتە دەست بنەماكەی خەباتی مەلا مستەفا بارزانی بوو.

* ئەگەر سەددام نەڕووخابوایە هەرێمی كوردستان دەبوو؟

-سەرۆك بارزانی: با بۆ سەرەتا بگەڕێینەوە، ئەگەر سەددام كوێتی داگیر نەكردابوایە ئەمەریكا و رۆژئاوا لە دژی نەدەوەستان، جیهان هەموویان ئاگاداری مەینەتی عێراقیان بوون بەتایبەتی كورد، بەڵام بۆ رێزگرتن لە راستی دەڵێین سەددام بە بێ تەدەخولی ئەمەریكا نەدەرووخا، ئۆپۆزیسیۆن ویستی ئەم كارە بكات، بەڵام نەیتوانی و ئێمەش نەمانویست تەنازول بكەین و چۆك دابدەین، چونكە شەڕ بۆ ساڵانێكی زۆر درێژەی دەكێشا.

* چۆن دەڕواننە سەركەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی شارەوانیدا؟

-سەرۆك بارزانی: بە گەرمی پیرۆزبایی لێدەكەم و ئەو شایستەیە، پێویستە بارودۆخی ئابووری توركیا لە كاتی پێشی ئەردۆغان و دوای هاتنی بۆ سەر حوكم باش سەیر بكرێت.

* ئەی لەبارەی بارودۆخی ئابووری هەرێم؟

-سەرۆك بارزانی: گرفت و زەحمەتیمان هەن بەهۆی رێوشوێنەكانی بەغدا، ئێمە دەرفەت بە میانگیری ئەمەریكا دەدەین و ئەگەر ئەم دەرفەتە ئەنجامی نەپێكا ئەوكات مافی خۆمانە زۆر شت بكەین بەبێ پشت بەستن بە بەغدا.

* ئایا هەرێم دەتوانێت تەنها بە داهاتەكانی خۆیدا بژیت، ئەگەر بەغدا هەموو شتێكی بڕی؟

-سەرۆك بارزانی: هەوڵدەدەین نەگەینە ئەم ئاستە بەڵام ئەگەر بەغدا هەر لەسەر هەڵوێستی خۆی مكوڕ بوو بێگومان بڕێكی زۆری نەوتمان هەیە ئەگەر فرۆشتمان دەتوانین بەبێ پشت بەستن بە بەغدا بەردەوام بین.






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 329