پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ سێیەمین كۆنگرەی یەكێتی دادوەرانی كوردستان


KRP.org | |


06/06/2013
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی 6ـی 2013 یەكێتیی دادوەرانی كوردستان سێیەمین كۆنگرەی خۆی لە شاری هەولێر و لەژێر دروشمی "سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دادگا بە دادوەری بوێر وكارا و بێلایەن دەستەبەر دەبێت" ساز كرد. لە مەراسیمی كردنەوەی كۆنگرەكەدا پەیامی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەڕێز ئازاد عزالدین مەلافندی ڕاوێژكاری یاسایی سەرۆكی هەرێم خوێندرایەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەڕێزان ئەندامانی سێیەمین كۆنگرەی یەكێتیی دادوەرانی كوردستان

ئامادەبووانی بەڕێز

خوشك و برایانی خۆشەویست

ئەم كاتەتان باش

زۆر خۆشحاڵم بەوەی دەستەڵاتی دادوەری و دامودەزگەی دادوەریی هەرێمی كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت و كار بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و كولتووری یاساپارێزی دەكات. كۆنگرەكەتانیش هەنگاوێكە بۆ پتەوتركردنی بنەماكانی سەربەخۆیی دادگاكان و سەربەخۆیی یاسا و برەودانی بێلایەنی لەنێو دامودزگەی دادوەریدا.

دادپەروەری و بەدیهاتنی داد لە وڵاتدا پایەیەكی گرنگی دەوڵەتدارییە كە دەبێتە هۆی دروستبوونی متمانەی نێوان هاووڵاتیان و سیستەمی فەرمانڕەوایی. هەر كاتێك متمانەی لەنێوان خەڵك و سیستەمی فەرمانڕەوا دروست بوو ئەو مانایە دەگەیێنێت كە دەوڵەتی حەق و دادپەروەری بەرپا بووە. متمانەی هاووڵاتیانیش كاتێك دروست دەبێ كە هەست بە ئاساییش بكەن و ئەو بڕوایەیان لا دروست ببێ كە یاسا بە بێ جیاوازی لەسەر هەموو كەسێك جێبەجێ دەبێت.

بەڕێزان

هەتا سەربەخۆیی دەستەڵاتی دادوەری و سەروەریی یاسا نەهێتە دی و سەقامگیری و گەشەپێدان و ئینتیما بۆ وڵاتیش دروست نابێت. سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادوەرییش تەنیا بە دروشم و قسە ناهێتە دی بەڵكو هەنگاوی عەمەلی و ئیداری و تەشریعیی پێویستە. جێگەی خۆشحاڵییە هەرێمی كوردستان ئەو هەنگاوانەی دەست پێ كردووە بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی دادوەری. هەنگاوی گرنگ و جدییش بەو ئاراستەیەدا ئەوە بوو كە لە ساڵی 2007 دا پارلەمانی كوردستان یاسای دەستەڵاتی دادوەری دەركرد و بەم كارە دەستەڵاتی دادوەری لە دەستەڵاتی جێبەجێكار جیا بووە. هەروەها لە ساڵی 2011 دا مەعهەدی قەزایی دامەزرا بۆ پێگەیاندنی دادوەر. ئەم هەنگاوە جێگەی بایەخە چونكە لە جیاتی ئەوەی دادوەر بە تەعیین دابنرێت لە ڕێگەی پێگەیاندنێكی ئاكادیمی و زانستییەوە دیاری دەكرێن.

ئومێدێكی زۆرم بە دواڕۆژی دادگە و دەستەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی تەواوی دادوەری لە هەرێمی كوردستاندا هەیە. سەربەخۆیی تەواوی دادوەرییش بەم شێوەیەیە كە دادوەران تەنیا ملكەجی ویژدانی خۆیان و پیشەییبوون و بنەماكانی دادپەروەری و دەقە یاساییەكان بن و نابێ هیچ كەسێك بە ناوی دەستەڵاتی سیاسی و ئیداری یان نفووزی ماددی دەست لە كاروباری دادگە وەربدات و كار بكاتە سەر بڕیار و حوكمەكانی دادگە.

لە كۆتاییدا پیرۆزبایی بەستنی كۆنگرە بەڕێزەكەتان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و پاڵپشتیی تەواوی خۆم و سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ كارەكانتان و دەستەڵاتی دادوەری ڕادەگەیێنم و هیوادارم كۆنگرە بە بڕیار و ئەنجامی ئیجابی و باش كۆتایی پێ بێت و خزمەتی سەربەخۆیی و پێشڤەچوونی كاروباری دادوەری لە هەرێمی كوردستان بكات.

هەر سەركەوتوو بن

مەسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان

Ji bo temaşekirina video ya vê gotarê ji kerema xwe li ser vê nivîsê bitikînin...






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1399