پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5ـی 4ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە دكتۆر عەلی قەرەداخی ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان و سەرۆكی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد و شاندێكی هاوڕێی كرد.
لە دیدارێكدا كە دكتۆر مەریوان ئەحمەد ڕەشید سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی شاری سلێمانی و سەرمەد محەممەد قەسیم بەرپرسی دەستەی باڵای ڕابیتەی ئیسلامی لە كوردستان ئامادە بوون، دكتۆر عەلی قەرەداخی لە وتەیەكدا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و بە ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسی توركیا و پڕۆسەی ئاشتی لەم وڵاتە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ شاری ئامەد بە گرنگ و كاریگەر وەسف كرد. هەروەها دكتۆر عەلی قەرەداخی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم و بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە ئەوەی خستەڕوو كە یەكبوونی لایەنەكان زۆر پێویستە و پاراستنی هەرێم تەنیا ئەركی حكوومەت نییە بەڵكو پێویستە هەموو لایەك یارمەتیی یەكتر بدەن بۆ پاراستن و گەشەپێدانی كوردستان.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و پەیوەست بە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا ئاماژەی بەوەدا كە دەرفەتێكی زۆر باش بۆ گەلی كورد لە توركیا دروست بووە و ئەوەی لە توركیا دەگوزەرێ مێژوویەكی تازەیە. سەبارەت بە دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم سەرۆك بارزانی ئەوەی باسكرد كە ئەم دواكەوتنە جێگەی گلەییە بەڵام مادام گشت لایەك بەشدار دەبێت و هەموومان پێكەوە دەبین ئەوە ئەنجامێكی زۆر باشی لێ دەكەوێتەوە.
دەرئەنجامەكانی كۆنگرەی گەشەپێدان لە شاری سلێمانی و هەروەها باسكردنی گرفتەكانی ژێرخانی ئابووریی كوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.
|