سەرۆک بارزانی بۆ گۆڤاریL’Essentiel : ئێمە هیچ هەنگاوێکمان لەدەرەوەی مافە دەستوریەکانمان نەناوە


KRP.org | |


27/09/2012
گۆڤاری L’Essentiel ، کە گۆڤارێکی ناسراوی فەرەنسیە و بایەخ بە مەسەلە نێۆدەوڵەتی و جیهانیەکان دەدات و ئۆفیسی سەرەکی لە (پاریس)ە و بە هەرسێ زمانی (فەرەنسی و ئینگلیزی و روسی) دەردەچێت و بە سەدان هەزار دانەی لەسەرانسەری جیهاندا لێ بڵاو دەکرێتەوە. لە دوایین ژمارەی خۆیدا کە بۆ مانگی 9و10/2012 دەرچوو، بەشێکی فراوان و تایبەتی تەرخان کردووە بۆ ئەو پێشکەوتنە سیاسی و ئابوری و سەقامگیرییە ئاسایشیەی کە لە سایەی سەرۆکایەتی سەرۆک مسعود بارزانیدا وەدیهاتوون. لەسەر بەرگی گۆڤارەکە، لە پێناسەکردنی سەرۆک بارزانیدا، نوسراوە(مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دیموکراتێک کە ژیانی خۆی بۆ پبشکەوتنی نەتەوەکەی تەرخان کردووە). لە لایەن هەر دوو رۆژنامەنووسی بە ناوبانگی فەرەنسی ( دیمیتری فریدمان و پییەر لی بیلەر) چاوپێکەوتنیان لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی سازکردووە. لە پێشەکی چاوپێکەوتنەکەدا، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە سەرۆک بارزانی وەک پێشمەرگە و فەرماندەیەک و سیاسی و دیپلۆماتێک، هەمیشە هەڵوێستی روون و راستەوخۆیە. هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە لە مێژووی کورد دا، هیچ کاتێک وەک ئێستا زەمینە لە بار نەبووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و لەو رووەشەوە سەرۆک بارزانی دەڵێ ( سەرەڕای ئەوەی خەڵکی کوردستان ئەو مافە سروشتیەی خۆی دەوێت، بەڵام مافی چارەی خۆنوسین لە رێگەی دیالۆگ و بە ئاشتی دێتەدی)

* ئاستی چەوساندنەوە و ستەمکاری بەرامبەر خەڵکی کوردستانی عێراق چۆن بووە؟

سەرۆک بارزانی: ستەمکاری و چەوساندنەوەی کورد و زەوتکردنی مافەکانیان بۆ کاتێکی دوورتر دەگەڕێتەوە، بەڵام لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە دۆخەکە، خراپتر بوو ، شێوەیەکی سیستەماتیکی وەرگرتبوو. ئاستی ستەمکارییەکان قۆناغ بە قۆناغ فراوانتر بوون تا لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن، گەیشتە دوایین رێژەی تۆقاندن ، کاتێک عەمەلیاتی ئەنفالیان ئەنجامدا. دەرئەنجامی ئەوەش 182000 کەسمان چارەنووسیان نادیارەو بوونە قوربانی و لە کیمیابارانی هەلەبجەدا بە تەنها 5000 کەسمان شەهید بوون و لە کیمیابارانی ناوچەکانی دیکەشدا (4000) کەس بوونە قوربانی. نزیکەی (50000) پێشمەرگەمان شەهید بوون و نزیکەی (200000) کەسمان بریندار هەبووە.

* وەکو سەرۆکیپارتی دیموکراتی کوردستان لە 2004 جۆرە رێکەوتنێکی ئینتیخابیتان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان مۆر کردووە کە سەرۆکی عێراق، جەلال تاڵەبانی سکرتێریەتی، هەڵسەنگاندنی ئێوە لە گۆشەنیگای سیاسیەوە بۆ ئەو رێککەوتنە چییە؟

سەرۆک بارزانی: ئێمە باوەرێکی قۆلمان بە پێکەوە ژیان و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی هەموو لایەنە کوردیەکان هەیە. بەداخەوە لە نێوان هەردوو حزب شەڕی ناوخۆ هەبووە، بەڵام ئەوە بووەتە رابردوو و ئێستا بەرەو پێشەوەدەچین. بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانی پارتی و یەکێتی، مەسەلەیەکی بنەڕەتیە. یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی ئەو رێککەوتنەی نێوانمان بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوپەیمانێتیەیە، سەرەڕای پاراستنی شوناسی هەریەک لەم دووحزبە، بەڵام هەردوولا توانیوویانە بەیەک دەنگ و بەیەک هەڵوێست، کە هەڵوێستی خەڵکی کوردستانە، مامەڵە بکەن. دەرئەنجامەکانیش بەڕوونی لە هەموو لایەکەوە دیارن، پێشکەوتنی گەورەی ئابوریمان هەیە، ئاوەدانیەکی فراوانمان هەیە و ئاسایش و سەقامگیری باشمان هەیە.

* لەوەتەی لەلایەن پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردران لە ساڵی 2005، لە رووی دیموکراسی و دامەزراندنی دامەزراوەکان، چ پێشکەوتنێکتان بەدیهێناوە؟

سەرۆک بارزانی: ئێمە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانین، زۆر شت ماوە بە ئەنجامی بگەیەنین و دان بەوەشدا دەنێین کە لە ڕووی حوکمڕانیەوە، هەرێمی کوردستان ئەزموونی کەمتری هەبووە. ئێمە لە پرۆسەی دروست کردنی دامەزراوە دەستوریەکانمانین و چەسپاندنی لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی تەشریعی (پەرلەمان) و جێبەجێ کردن (حکومەت) و دەسەڵاتی دادوەریین. ئامانجێکی دیکەی گەورەمان فەراهەم کردن و گەرەنتی کردنی ئازادیەکانی (تاک)ی کوردستانە. زۆر شانازی بەوەدەکەین کە هیچ زیندانی سیاسیمان لە کوردستان نیە. زۆر هاندەری ئەوەین کە کۆمەڵی مەدەنی و رێکخراوەکان بە هێزببن و ئێستا نزیکەی 1300 رێکخراوی ناحکومی و دامەزراوەمان هەیە. ئەم ژمارەیەش، بۆ وڵاتێکی بە قەبارە بچوکی وەک وڵاتی ئیمە، ژمارەیەکی زۆرە.

* بەلای ئێوەوە چ جیاوازیەک لە نێوان هەردوو هەلبژاردنی ئێوە لە 2005 لەلایەن پەرلەمان و هەڵبژاردنی راستەوخۆتان لە 2009 هەبوو ؟

سەرۆک بارزانی: لە نێوان هەردوو هەڵبژاردنەکەدا، ئەوەی پەیوەندی بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم هەبێت کە بەپێی یاسا دیاریکراون، هیچ گۆڕانکاریەک نییە. کاتێک داوام لێکرا خۆم بۆ سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرم بە پەرلەمان و لایەنەکانم گوت ، ئامادەم خۆم هەڵبژێرمەوە ئەگەر بە دەنگدانی راستەوخۆ بێت، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆک لەلایەن پەرلەمانەوە بێت، پێم باشە کەسێکی دیکە هەڵبژێرن. مەبەستم بوو بزانم لە ناو میللەتەکەم چەندە پشتگیریم لێ دەکرێت، نەک تەنها لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان. دەمویست بزانم چەند لە سەدی میللەتەکەم لەگەڵ هەڵبژاردنی منن و چەند لەسەد لەگەڵدانین. دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمان، رەنگە بە هۆی هەندی ئیعتیبارات بێت، بەڵام دەنگدانی راستەوخۆی میللەت وانییە. من ئەو شەرعیەتەم دەویست کە لە خەڵکەوە بێت.

* چ هەنگاو و میکانیزمێکتان گرتووەتەبەر تا گەنجەکانی هەرێمی کوردستان و نەوەی نوێ کە پێکهاتەی بنەڕەتی کۆمەڵگان، بتوانن دۆخێکی باشتری ژیان بە پێی ستانداردە کەلتوریەکانی وڵاتانی پێشکەوتوویان هەبێت؟

سەرۆک بارزانی: کۆمەڵگەی ئێمە، کۆمەڵگەیەکی گەنجە، 59% ی دانیشتوانمان لە خوار تەمەنی 25 ساڵیەوەن. ئەرکی ئێمەیە کە خۆیندنیان بۆ فەراهەم بکەین چانسی ژیانێکی باشتریان لە ساڵانی دادێدا بۆ بڕەخسێنین. گەنجەکانمان ئایندەی کوردستانن. ئێستا 17 زانکۆمان هەیە کە تیایدا خۆێندن لە زانکۆ حکومیەکان بێ بەرامبەرە. بەرنامەی تواناسازیمان هەیە کە نزیکەی (5000) قوتابی لێی سوودمەند دەبن و دەرفەتیان دەبێت بۆ خوێندنی باڵا روو لە دەرەوە بکەن. هەندێک لەوانەش ئێستا لە فەرەنسا دەخوێنن. پرۆژەیەکمان هەیە و قەرزی بچووک دەدەینە ئەو گەنجانەی کە دەیانەوێت پرۆژەیەکی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن. ئەو گەنجانەی زانکۆ تەواو دەکەن، هاوکاریان دەکەین تا کارێک دەدۆزنەوە یان دادەمەزرێن. ئێمە زیاتر گەنجەکانمان هاندەدەین لە کەرتی تایبەت کار بکەن و بە پێی یاسا گەرەنتی ئەوەش کراوە کە پرسی مووچە و خانەنشینیان کێشەی نەبێت.

* بەم دواییانە تەنگەژەیەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی دروست بوو لەسەر پرسی بەرهەم هێنانی نەوت، حوسێن شەهرستانی لە بەرامبەر ئیمزا کردنی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال، کاردانەوەی توندی نواند. تا چەندە ئەمە کارێگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوولاتان دادەنێت؟

سەرۆک بارزانی: ئێمە هیچ هەنگاوێکمان لەدەرەوەی مافە دەستوریەکانمان نەناوە. یەکێک لە بنەماکانی دەستووری عێراقی ئەوەیە کە نەوت و گاز مۆلکی هەموو عێراقییەکانە. ئێمە پشتگیری تەواو لەم پرەنسیپە دەکەین. لە مانگی شوباتی 2007، لەسەر پرۆژە یاسایەک رێککەوتین. ئەو پرۆژە یاسایە، هاوپێچێکی هەبوو کە ئەگەر تا مانگی ئایاری 2007 ئەم پروژە یاسایە، پەسەند نەکرێ لە پەرلەمان، ئەوا هەردوولا دەتوانن گرێ بەست ئیمزا بکەن.

ئارگێومێنتی دیکەی ئێمە لەسەر ئەوەی گوایا ئەوەی ئێمە کردوومانە نا دەستووری یان نایاسایی بێت، یان لە دەرەوەی دەسەلاتی ئێمە بێت، هیچ لۆجیک نیە کە کۆمپانیای گەورەی وەکو ئێکسۆن مۆبیل و گازپرۆم و شێڤرۆن و تۆتال بێنە کوردستان و کاربکەن و بزانن کارەکان نا دەستووری یان نایاسایی دەبن. سەرکەوتنی سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان ، سەرکەوتنێکی دیار و بەرچاوە. لە هەمان کاتدا بەرپرسانی نەوت لە بەغدا شکستیان هێناوە لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان. تەنها شتێک دەیکەن خستنەرووی دوژمنایەتیانە بەرامبەر کورد.باشترە بۆیان تەرکیز لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەن لە عێراق.

* جیاوازیەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندە فراوانتربوون، چەندین جار ئێوە داواتان کردووە حکومەتی عێراق رێز لە ماددەی 140 بگرێ، ئێستا دۆخەکە چۆنە؟

سەرۆک بارزانی: یەکێک لەشتە هەرەگرنکەکان کە پێویستە جێبەجێ بکرێ و یەکلایی بکرێتەوە لە عێراقدا، ئەم ماددە دەستورییەیە. کاتێک ئێمە بەم ماددەیە رازی بووین، هیچ گومانمان لە کوردستانێتی کەرکوک و ئەو ناوچانە نەبووە و نییە. ئێستاش پێمان وایە کە دەکرێ ماددەی 140 بە پشتیوانی نێودەوڵەتیش جێبەجێ بکرێ. ئێمە باوەڕمان وایە کە دەبێ خەڵکی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە لە رێفراندۆمێکدا ئازادانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. خودی ماددەی 140، باس لە ئاسایی کردنەوە و سەرژمێری و ریفراندۆم دەکات. ئێمە هەرگیز ئیدیعای ئەوەمان نەکردووە کە مافمان هەیە، چارەسەری خۆمان بسەپێنین. بەڵام بە داخەوە حکومەتی عێراق هەنگاوی زۆر کەمی ناوە بۆ جێبەجێ کردنی ماددەی 140. بەداخەوە، کات دەکوژن و پرۆسەکە دوادەخەن. پێمان وایە جێبەجێ کردنی ئەم ماددەیە، لەبەرژەوەندی عێراقدایە.

* ئێستا دەبینین کوردی سوریا لە قۆناغی دروست کردنی شوناسێک و پێگەیەکن و بەشێکیان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون. ئایا پێتان وایە چارەسەری نموونەی عێراق بتوانرێ لە سوریاش جێبەجێ ببێت؟ ئایا ئێوە لەگەڵ ئەوەدان لە ئایندەدا هەردوو هەرێمی کوردی یەک بگرن؟

سەرۆک بارزانی: بارودۆخی کوردی سوریا جیاوازە، چونکە ئەوان تەنانەت لە مافی هاووڵاتیبوونیش بێ بەشکراون وەکو هاووڵاتی وڵاتی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ نەکرابوو. هەر لەوێش پرۆسەی تەعریب لە شەستەکان دەستی پێکرد. هەریەک لەبەشەکانی کوردستان، تایبەتمەندێتی و بارودۆخی جیاوازی خۆی هەیە. لەبەر ئەمەشە، کە جۆر و شێوازی چارەسەرییەکان بۆ هەرکام لە بارودۆخەکان جیاواز دەبن. هەربەشە و دەبێ واقیعی ئەو وڵاتانەی خۆیان باش بزانن کە کوردی تێدایە. ئێمە ناتوانین مۆدیلی خۆمان لە عێراق ، نە بۆ سوریا، نە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بنێرین. بەڵام دەبێ لە سوریا چوارچێوەیەک هەبێت کە کورد مافەکانی بەدەست بێنێ، وەک چۆن کورد لە عێراق مافەکانی بەدەست هێناوە، ئێمە هاوکاری کوردی سوریا دەکەین تاوەکو گوتارێکی سیاسی یەکگرتوویان هەبێت، بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە چارەسەرێکیان لەسەر بسەپێنین. سەبارەت بە یەکگرتنەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا، لە ئەجیندای ئێمە نیە. بەڵام لە ئایندەدا کێ دەزانێ چی دەبێت؟ ئەوە مافێکی سروشتی هەموو نەتەوەیەکە بیەوێت یەکبگرێتەوە، ئەمەش تەنها بە دیالۆگ بە رێگای ئاشتیانە دەبێت.

* ئایا ئێوە مەشق بە کوردی سوریا دەکەن؟

سەرۆک بارزانی: پەنابەرانی کوردی سوریا لە هەرێمی کوردستان لە نێوان (10بۆ 15 هەزار) دەبن. زۆربەیان گەنجن. راستە هەندێکیان مەشقیان پێکراوە، بەڵام مەشقی هێرش بردنیان پێ نەکراوە، بەڵکو مەشقی بەرگریکردنیان پێ کراوە، چونکە ئەو ناوچانەی کە کوردی سوریای لێیە، لە کاتی دروست بوونی فەراغی ئەمنی، پێویستیان بە پاراستنی سەقامگیری هەیە تا لە فەوزا و تێکدان بپارێزرێن.

* لە 2/8/2012 ئەحمەد داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی کوردستانی عێراقی کرد. ئێوە چۆن توانییوتانە هاوسەنگی رابگرن لە نێوان زیاتر بەرەو پێش چوونی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئەنقەرە و هاوسۆزی و پشتگریتان بۆ مافی کوردی تورکیا؟ هەڵوێستتان لەسەر پەکەکە چییە کە شەڕێکی پارتیزانی لە بەرامبەر دراوسێیەکەتان دەکات؟

سەرۆک بارزانی: ئێمە هەرگیز خوازیاری ئەوە نەبووین پەیوەندیەکانمان لەگەڵ تورکیا باش نەبێت. بە داخەوە پێشتر بۆ چەند سالێک سیاسەتی تورکیا بەرامبەر ئێمە سیاسەتێکی ئیستیفرازی و نزیک لە رەتکردنەوە بوو. ئێمە زمانی هەڕەشە و ئیستیفزار قبوڵ ناکەین لەهەر شوێنێکەوە بێت. ئەو دۆخەش سیاسەتی ئەوان بوو، نەک سیاسەتی ئێمە. بەڵام گۆڕانێکی گەورە لە سیاسەتی تورکیا دا روویداوە. کاتێک رەجەب تەییب ئۆردوگانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا چووە دیاربەکر و رایگەیاند ، ڕاستە لە تورکیا کێشەی کورد هەیە و دەبێ ئاشتیانە چارەسەری ئەم (کێشەی کورد) بکرێ، بەلای منەوە ئەمە هەنگاوێکی باش بوو بە ئاراستەیەکی باشدا. لە ئاداری 2011 سەرۆک وەزیرانی تورکیا سەردانی هەولێری کرد و رایگەیاند ، رۆژانی ئینکار کردنی کورد بەسەرچوو. لەرووی ئابوریەوە، پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا زۆر بەرەو پێش چووە و دەتوانرێ زیاتریش هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا پێش بخرێ.سەبارەت بە بارودۆخی تورکیا، ئێمە پشتگیری لە مافەکانی کوردی تورکیا دەکەین. بەڵام پێمان وایە، ئەو گۆڕانەی لە تورکیا هاتووەتە ئارا دەکرێ باشتر بەکار بهێنرێ بۆ هەرچی زیاتر پێشترخستنی ناساندنی ئەم مافانە. پێمان وایە ستراتیژی چەکداری پەکەکە پێویست نییە. ئێمە نە پێی رازین و نە پشتیوانیشی دەکەین. ئێستا دەرفەت هەیە تاوەکو ئەندامەکانی کوردی پەرلەمانی تورکیا، کاریگەری و پێگەیان دیارتر بێت و هەست پێکراو بێت. دەکرێ بە ئاشتیانە کاری ئۆپۆزسیون بوون لە ناو پەرلەمان و لەسەر شەقامی شارەکان و شوێنەکانی دیکەش بکرێ. هیچ پێویست بە بەکار هێنانی توندو تیژی ناکا. ئێمە بە سەرکردەکانی کوردمان گوتووە کە دەبێ هەوڵ بدەن بە شێواز و رێکاری ئاشتیانە چارەسەری دۆخەکە بکەن.

* هەڵوێستی ئێوە لەسەر بەردەوامی پرۆگرامی ئەتومی ئێران چییە؟

سەرۆک بارزانی: ئێران لایەنێکی گرنگی ناوچەکەیە. سنورێکی فراوان لە نێوانمان هەیە. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران ئاسایین، بەلام ئەمەش بەو مانایە نیە ئێمە لەگەڵ هەمووشتێک هاو ڕا و کۆک بین کە ئێران ئەنجامی دەدات.سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتومی ئێران ، ئێمە پێمان باشە نەک لە ئێران، لە شوێنی دیکەش بەرنامە و پرۆگرامی وەها نەبێت. ئێمە نازانین بەرنامەکانیان چیە و چۆنە و ناشزانین تواناکانی کۆنترۆڵکردنی بەرنامەکانیان چۆنە. لە پاش رووداوی چێرنۆبڵەوە، هەموو کەس دەزانێ کە بچوکترین هەڵە، چ کارەساتێکی هەرێمایەتی لێدەکەوێتەوە. هەروەها دەشزانین وەک هەموو لایەک، کە رەنگە بەرنامە و پرۆگرامی لەو جۆرە ببێتە بیانووی قەومانی شەڕ.

* لە مانگی ئەپریل 2012 سەردانی کۆشکی سپیت کرد، ئێوە و سەرۆک ئۆباما باسی چیتان کرد؟

سەرۆک بارزانی: لەگەڵ سەرۆک ئۆباما و بایدن جێگری سەرۆک کۆبووینەوە. بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەمان لەسەر بارودۆخی عێراق و کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کوردستان بوو. بۆ ئێمە گرنگ بوو بزانین ئەوان چۆن سەیری بارودۆخەکە دەکەن بەوەی ئایا گرنگ بوو بزانین ئەوان چۆن سەیری بارودۆخەکە دەکەن بەوەی ئایا پشتگیری ئێمە یان لایەنێکی دیاریکراو یان سیاسیەکی دیاریکراو دەکەن. ئەوان دووپاتیان کردووە کە پشتگیری لە پرۆسەی سیاسی و جێبەجێ کردنی دەستور دەکەن لە عێراقدا. ئەوان پابەندبوونی خۆیان لە پشتگیریکردنی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە. ئێمە بارودۆخی خۆمان و پرسی کەرکووک و ناکۆکیەکان لەگەڵ مالیکی خستەڕوو. ئۆباما جەختی کردەوە کە گرنگە لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستور چارەسەری بدۆزرێتەوە و گرژی نێوان لایەنەکان نەمێنێ، ئۆباما خوازیاری نەمانی گرژیەکان بوو. ئێمە دووپاتمان کردەوە کە هیچ شتێکمان لە دەرەوەی مافە دەستوریەکانمان نەکردووە. وەک ئاگاداریشن، سەرۆک ئۆباما نێردراوی خۆیان (تونی بلینکن) ناردە عێراق، بۆ چارەسەر کردنی دۆخەکە. بەڵام پێمان وایە دەبێت چارەسەرەکە چارەسەرێکی عێراقیانە بێت.
سەبارەت بە پرسی کەرکووک، هیچ کەس ناتوانێ هیچ جۆرە چارەسەریەک بسەپێنێ، نە ئێمە خۆمان دەتوانین، نە هیچ لایەکی دیکەش دەتوانێ. ماددەی 140 زۆر ڕوون و ئاشکرایە، پێشل کردنی ئەم بنەمایە دەرگا لە بەردەم ئەگەری دیکە دەکاتەوە، ئەو کاتیش هەموو ئەگەرەکان کراوە دەبن.

* پەیوەندیتان لەگەڵ فرانسۆ هۆلاندی سەرۆکی فەرەنسا چۆنە؟

سەرۆک بارزانی: وەک دەزانن سەرۆک فرانسوا میتران و خاتوو دانیال میترانی خێزانی ، زۆر پشتگیری ئێمەیان کرد، بە تایەتی لە پرسی بڕیاری 688 لە 1991. هەمیشە بە درێژایی مێژوو پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستان پۆزەتیڤ بوون. ئێمە پەیوەندی راستەو خۆمان لەگەڵ سەرۆک جاک شیراک نەبوو، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ هەندێک لە وەزیرەکانی بوو، لەوانەش نیکۆلای سارکۆزی کە ئەو کات وەزیری ناوخۆ بوو. لەگەڵ سەرۆک فرانسوا هۆلاند، 4تا 5 جار یەکترمان بینیوە کاتێک کە سەرۆکی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسا بوو. پەیوەندیەکی شەخسی باش لە نێوانماندا هەیە. پێم خۆش دەبێ سەردانی فەرەنسا بکەمەوە، چونکە فەرەنسا یەک لەو وڵاتانەیە کە ئێمە زۆر زۆر بەبایەخەوە لێی دەڕوانین. دەمانەوێ پەیوەندیەکانمان قوڵتر و بە هێزتر بکەین. لە 2010 بە یاوەری دۆستی دێرین و دڵسۆزمان بێرنارد کۆشنەر لەگەڵ سەرۆک سارکۆزی لە پاریس کۆبووینەوە. پەیوەندی من و بێرنارد کۆشنەر پەیوەندیەکی بەتین و گەرم و گۆڕ بووە.

* چۆن سەیری سیاسەتی دەرەوەی رووسیا لە ناوچەکە دەکەن بە تایبەتی تاکتیکی بلۆکی روسی-چین لە ئەنجومەنی ئاسایش بەرامبەر مەلەفی سوریا؟

سەرۆک بارزانی: لە ڕووی مێژووویەوە، هەمیشە جۆرە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان روسیا و چین لەسەر چەند پرسێک بەرامبەر وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا هەبووە. ئەمانەش قوتابخانەی جیاوازی دیبلۆماسی و ململانێی یەکدی دەکەن بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. من ناتوانم بلێم کامیان راستەو کامیان راست نییە. بەڵام وەک ئەوەی دەیبینن خەڵکی ئەم ناوچەیە رەنگە ببنە قوربانی ئەو ململانێیە.

* ئایا ئەو یاسایەی کە بۆ وەبەرهێنان لێرە دەرچووە بۆ هاندانی سەرمایەگوزاری بیانی و دامەزراندنی کۆمپانیاکان، هەمان ئەو یاسایە کەلە بەغدا هەیە؟

سەرۆک بارزانی: یاسای ئێمە بۆ سەرمایەگوزاری بیانی زۆر گرنگە و وەبەرهێنەرانی بیانی دەتوانن زۆر سوودی لێ وەربگرن. زۆرێک لە گەورە کۆمپانیاکان لە ئاستی جیهانی بە ئیجابی ئەم یاسایە هەڵدەسەنگێنین. یاسای ئێمە جیاوازترە لەو یاسایەی کەلە بەغدا هەیە. زۆر سەرمایەگوزاری بیانی هاتوون و چەندین کۆمپانیای دیکەش دێن، چونکە پێشکەوتنێکی ئابووری گەورە لە کوردستان هەیە.

* تا چەند ئێوە ئامادەن بڕۆن ئەگەر حکومەتی عێراق رێزی دەستور و رێککەوتنەکان نەگرێت لەنێوانتان؟

سەرۆک بارزانی: ئەگەر بزانین دەستور پێشل دەکرێت و لە مانا و بەهاکانی دادەبڕینرێت و جێبەجێ ناکرێ، ئێمە ناتوانین لەگەڵ ئەو جۆرە سیستەمە بژین. ئێمە ناتوانین لە سایەی سیستەمێکی دیکتاتوری لە عێراق بژین.

* ئەم دووساڵە، سالی بەهاری عەرەبی بوون لە ناوچەکە.بەڵام پاش رووداوەکان، بینیمان کە گروپە ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان باڵا دەست بوون و وڵاتەکانیان بەرەو نا سەقامگیری بردووە. دەشزانین کە ئەمریکا هێزی لە عێراق نابێت، پێت وایە دەبێ کوردستان چ جۆرە سوپایەکی هەبێت تا ئامادە بێت کوردستان لە تیرۆریستان و هەڕەشەکانی دەرەوە بپارێزێ؟

سەرۆک بارزانی: فەلسەفەی ئێمە و عەقیدەی ستراتیژی ئێمە لەسەر بنەمای بەرگریکردنەوە، ئێمە هیچ کات پەلاماری کەس نادەین و هێرشیان ناکەینە سەر. بە پێی دەستوری عێراق، ئێمە ئەو مافەمان هەیە کە هێزی خۆمان هەبێت بۆ بەرگریکردن. ئێمە هێزی پێشمەرگەی خۆمان مەشق پێکردووە تا ببێتە بنەما و بناغەی ئەم هێزی بەرگرییە. پێشمەرگەکانمان ئامادەن بۆ هەموو ئەگەرێک.

* ئەگەر ئاواتێک هەبێت بۆ ئایندەی کوردستان، چ ئاواتێک دەبێت، فیدراڵی زیاتر، سەربەخۆیی، گەشەسەندن و پێشکەوتنی زیاتر؟

سەرۆک بارزانی (بە پێکەنینەوە) هەرسێکیان.






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1405