دەقی وتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دووەمین كۆنگرەی زانستی جیهانی كورد


KRP.org | |


14/10/2012
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

خوشك وبرایانی بەڕێز، میوانە بەڕێزەكان، ئامادەبووانی بەڕێز.

زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە لە دووهەمین كۆنگرەی زانستیی جیهانیی كورد بەشداریتان دەكەم، كە ئەمە هەنگاوێكی زۆر پیرۆز و ئومێدبەخشە، داوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەكەم و ئومێدەورام كاتێكی خۆش لەماڵی خۆتان، لەوڵاتی خۆتان لەشاری مێژوویی لە هەولێری پایتەخت ببەنە سەر.

بۆ ئێمە جێگەی شانازییە، جێگەی ئومێدە كە دەبینین ژمارەیەكی زۆری ڕۆڵەی كوردستان و دۆستانی گەلەكەمان لەم هۆڵەدا ئامادەن بۆ ئەوەی ئەزموون و زانستی خۆیان بخەنە خزمەتی پێشكەوتنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان.

پڕ بەدڵ سوپاستان دەكەین، سوپاسی هەموو ئەوبرایانە دەكەین كە هەوڵیانداوە ئەم كۆنگرەیە سازبكرێت بێگومان ئێوەی بەڕێز ماندووبوونێكی زۆرتان بینیوە و ڕەنجتان كێشاوە و شەونخوونیتان كردووە تا خۆتان پێگەیاندووە، من پیرۆزباییتان لێدەكەم و دەڵێم شانازیتان پێوە دەكەین شۆڕش وخەبات هەر شۆڕش و خەباتی چەكداری نییە، ئێوەش پێشمەرگایەتیتان كردووە بەڵام بەشێوازی خۆتان و لەشوێنی خۆتان . كوردستان ئەمانەتێكە لەسەرشانی هەموومان وهەر قۆناغێك پێویستیی بەكەسانێكی گونجاو و شارەزا و زانای ئەو قۆناغە هەیە. ئەمڕۆ پێویستیمان بەوە هەیە ژێرخانێكی زۆر مەحكەم لەكوردستان دروستبكەین بۆ ئەوەی هەموو متمانەمان بەخۆمان هەبێ نەوەكو چاومان لەهاوردنی ساكارترین شتومەكی خواردەمـــەنی لەدەرەوە بێت.

بەڵام خۆشتان دەزانن گەلی كوردستان هیچ كاتێك دەرفەتی ئەوەی نەبووە وڵاتی خۆی بونیاد بنێت، هەمیشە ژێردەست و تەپەسەر بووە و چەوەسێنراوەتەوە، تەنانەت سەردەمێكی وا بەسەر خەڵكی كوردستاندا تپێپەڕی كە بۆ نانی ڕۆژانەش دەبوایە ڕژێم پێی دابوایە، چونكە نان نەبوو بیخوات، ئەوان لەزێدی باو وباپیرانیان دابڕێندرابوون و خرابوونە ئۆردوگا زۆرەملێكان بۆئەوەی نەتوانن پێداویستیی ژیانی ڕۆژانەشیان دابینبكەن.

بەڵام سوپاس بۆ خوا سوپاس بۆ دۆستانمان، سوپاس بۆ گەلی كوردستان كە پاش خوێنێكی زۆر، ڕەنجێكی زۆر، قوربانییدانێكی زۆر ئەمڕۆ دەستكەوتێكی زۆر گەورە بەدەستهاتووە و هەرێمی كوردستان خاوەنی پەرلەمان و حكوومەت و دامودەزگایە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە ئەم دامودەزگایانە بێ كەموكوڕی بن، بەڵێ كەموكوڕی زۆرە بەڵام ئومێدمان وایە ئێوە بەزانستی خۆتان بەئەزموونی خۆتان لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵی خۆتان بخەنەكار بۆ ئەوەی ئەم كەموكوڕییانە نەمێنێن. من بەدڵنیاییەوە عەرزتان دەكەم ئێمە پێویستیمان بەزانست و پسپۆڕیی ئێوەیە و ئامادەشین گوێڕایەڵی ئێوە بین وئامادەین ئامۆژگاریی ئێوە وەربگرین وكاریشی پێبكەین.

خوشك و برایانی بەڕێز.

كاتێك ئێمە دەتوانین بڵێین ئێمە شانازی بەهەرێمی خۆمانەوە دەكەین، كە ئێمە پێویستیمان بە دەرەوە نەبێت، بۆ ئەوەی ئێمە ژێرخانێكی وا دروستبكەین لەهەرێمی كوردستان پێویستیمان بە ئێوەیە، كە دەڵێین پێویستیمان بە دەرەوە نییە بەو واتایە نییە ئێمە پێویستیمان بە دەرەوە نەبێت، ئەمڕۆ دونیا وای لێهاتووە دەوڵەتانی زۆر گەورە كە ساڵەهای ساڵە دەوڵەتن پێویستییان بەیەكتر هەیە، بەڵام ئێمە سادەترین پێداویستیی ژیان لەوڵاتانی دراوسێ یان لەدەرەوە دەهێنین، ئێمە دەبێ بیر لەوە بكەینەوە كە ئیتر با لە شتی بچووكیشەوە دەستپێبكەین،بەڵام با پشت بەخۆمان ببەستین.

وڵاتێكی دەوڵەمەندمان هەیە سوپاس بۆ خوای گەورە زۆری پێداوین ئەوە ماوە ئیتر چۆن ئێمە ماڵی خۆمان ڕێكبخەین. خاڵی دیكە، ئێمە نەتەوەیەكین بەدرێژایی مێژوو غەدرمان لێكراوە، كاتێك كە پێویست بوو شەڕ بكەین، خوێن بدەین یان قوربانی بدەین، درێغیمان نەكرد، سوپاس بۆ خوا ئێمە ئەو قۆناغەمان بڕی كە پێویستیمان بەوەبێت خەڵك بمانناسێت جاران ئەگەر لەوڵاتێكی ئەورووپایی یان ئەمەریكا یان لەهەر وڵاتێكی دونیا، كارمەندێكی بچووكیش لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتێك ئامادەبوایە تەنها گوێمان لێبگرێت ئەگەر بەسودفەش بێت لەڕێستوڕانتێك لەشوێنێك وچیرۆكی ئێمە ببیستێ بەوەی چەندمان لێ كوژراوە و چەند دێمان وێرانكراوە چەند خەڵكمان بێ سەروشوێنن، ئێمە خۆشحاڵ دەبووین، ئێستا ئێمە زیاتر لە 20 كونسوڵخانەمان لەهەولێر هەیە، چوار وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش كونسوڵخانەیان لەهەولێر هەیە لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی عەرەبی وئەورووپایی، ئەمە دەستكەوتێكی گەورە و پێشڤەچوونێكی زۆر گەورەیە .

بۆیە ئێمە وەكو نەتەوەیەك دەبێ زۆر واقیعبینانە بیر لەئایندەی خۆیان بكەینەوە، بێگومان ئێمەش وەكو هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆمان هەیە، بەڵام زەمانی ئەوە نەماوە ئێمە خەباتی چەكدارانە بكەینە هۆكار بۆ گەیشتن بەئامانجی خۆمان، ئێمە دەبێ پەنا ببەینە بەر خەباتی دیموكراتی و ئاشتییانە و دیاڵۆگ لەو شوێنانەی كە مومكینە بەتایبەتی لەپەرلەمان، ئەمە كاریگەریی زیاترە لەوەی ئێمە بەشەڕ لەو سەردەمەدا درێژە بەخەباتی خۆمان بدەین، ئێمە لەگەڵ مافی گەلی خۆمانین لەهەموو شوێنێكدا، بەڵام دەبێ واز لەوە بهێنین بە شەڕ مافی خۆمان بەدەستبهێنین، چونكە لەو قەناعەتەداین ئێمە ناتوانین پشتیوانی دۆستانی خۆشمان بەدەستبهێنین و دونیاش پشتگیریمان ناكات ئەگەر ئێمە بەشەڕ خەباتی خۆمان بكەین ئەگەر بەدیموكراتی و ئاشتییانە داوای مافی خۆمان بكەین.

لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە، ئەو بارودۆخە بەئاسانی نەهاتۆتەدەست، بەڵكو دوای قوربانییەكی یەكجار زۆر بووە، ئێستاش زیاتر لە180 هەزار ڕۆڵەی ئەم وڵاتە لە بیابانەكانی خوارووی عیراق بێسەروشوێنن، ئێستاش خەڵكی خۆمان بەدوای جەنازەی ئەم ئازیزانە دەگەڕێن لەخوارووی عێراق وهەر ناوە ناوە ژمارەیەك لەجەنازەكانیان دەدۆزرێتەوە و دەیانهێنینەوە كوردستان، ئا بەمشێوەیە بە5 خولەك شارێكی وەكو هەڵەبجە خاپووركراو هەرچی ژن و منداڵ وپیاو و گەورەی تیادا بوو بە 5 خولەك شەهیدكران و سەرتاسەری كوردستان كەوتە بەر شاڵاوی كیمیاباران وئەنفال، ئنجا ئەم ئەزموون و دەستكەوتە هاتنەدەست، بۆیە ئەم دەستكەوتە هی هەمووتانە و ئەمانەتێكە لەسەرشانی هەمووتان وئەمڕۆ ئێمە هەین سبەی نین، بەڵام ئەم میللەتە دەمێنێت، گەنجان دەمێنێن و دەبێ ئەم ئەزموونە ببێتە ڕووناكیەك، چرایەك بۆ هەموو خەڵكی كوردستان.

من جارێكی دیكە داواتان لێدەكەم هەرچی كەموكوڕییەك هەبێت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەزموون و زانستی خۆتان بخەنەكار بۆ ئەوەی كەموكوڕییەكان نەهێڵن، هەرچەندە من دەزانم كارێكی ئاسان نییە، بەڵام بە ئەزموونی خۆیشم گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتە هیچ شتێك بەرامبەر ئیرادەی مرۆڤ مەحاڵ نییە، ئەگەر خۆی بڕیار بدات وبیكات هیچ شتێك نییە نەتوانێ نەیكات. بۆیە من دەڵێم بۆ ئایندەی خۆمان وەكو نەتەوەیەك هیچ شتێك مەحاڵ نییە، بەڵام دەبێ ئێمە بزانین چۆن هەنگاوی بۆ داوێین.

لەكۆتاییدا جارێكی دیكە بەخێرهاتنی هەمووتان دەكەم، زۆر سوپاستان دەكەم بۆ هاتنتان وداوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم وزۆر سوپاس.







SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1434