سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد:سه‌ده‌ی بیستویه‌ك، سه‌ده‌ی گه‌ییشتنی گه‌لی كورده‌ به‌ ئاواته‌كانی


KRP.org | |


25/05/2013
به‌ناوی خودای مه‌زن و دلۆڤان

نوێنه‌رانی پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان.. به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان.. ئاماده‌بووانی به‌ڕێز.. ئه‌م كاته‌تان باش

ده‌ستخۆشیی به‌ستنی سیانزه‌هه‌مین كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانتان لێ ده‌كه‌م و پیرۆزبایی چوارده‌هه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ش ده‌كه‌م، هیوادارم سه‌ركه‌وتوو بن و هه‌نگاوێكیش بێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان.

خوشك و برا به‌ڕێزه‌كانم..دوای ساڵانێكی دوورودرێژی خه‌بات و كۆڵنه‌دان و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا، ئێستاكه‌ له‌ قۆناغێكی گرنگداین. دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و جیهانیدا هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت و هیوامان به‌ ئایینده‌یه‌كی گه‌ش زۆره‌. نه‌یارانی گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌ڵوێستی لاوازدان و ئیتر سه‌رده‌می نكۆڵیكردنی گه‌لی كورد به‌سه‌رچوو.

به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌ده‌ تاریكه‌كه‌ی بیسته‌م، سه‌ده‌ی بیستویه‌ك، سه‌ده‌ی گه‌ییشتنی گه‌لی كورده‌ به‌ ئاواته‌كانی. له‌و قۆناغه‌ گرنگه‌دا زیاتر له‌هه‌موو كاتێك پێویستیمان به‌ هاوده‌نگی و كاری هاوبه‌ش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باشترین شێوه‌ بتوانین خزمه‌تی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شمان هه‌بێ له‌ ناوه‌نده‌ سیاسی و هزری و كولتووری و مه‌ده‌نییه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستمان دێت بیكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهان و به‌ تایبه‌ت ئه‌ورووپا دۆست و پاڵپشت و به‌رژه‌وه‌ندی بۆ گه‌له‌كه‌مان دروست بكه‌ین.

به‌ڕێزان.. ناوچه‌كه‌مان زیاتر له‌ هه‌ر كاتێكی دی له‌ گۆڕانكاریی خێرا و یه‌كلاییه‌كه‌ره‌وه‌ دایه‌. مه‌ترسیی ناسه‌قامگیری و ده‌ركه‌وتنی توندڕۆیی و قووڵتربوونی ململانێكان له‌ ده‌وروپشتی كوردستان له‌ ئارادایه‌ و پێویسته‌ هه‌موومان خۆمانی بۆ ئاماده‌ بكه‌ین. ڕاسته‌ ئێستا پتر له‌ هه‌ر كاتێك ده‌رفه‌ت بۆ گه‌لی كورد له‌ ئارادایه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام بۆ سه‌ر گه‌له‌كه‌مان هه‌ن. بۆیه‌شه‌ زیاتر له‌هه‌ر ساته‌وه‌ختێكی دی پێویسته‌ له‌پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان و مسۆگه‌ركردنی زیاترین ماف بۆ گه‌له‌كه‌مان ستراتیژییه‌كی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتی و نیشتیمانیمان هه‌بێت. ئه‌و ستراتیژییه‌ ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای پره‌نسیپی ئاشتیخوازی و خه‌باتی دوور له‌ توندوتیژی و كاری سیاسی و دیپلۆماتی و مه‌ده‌نییانه‌ بێت، به‌ پێی ئه‌و بارودۆخ و زه‌مینه‌یه‌ی له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا هه‌ن.

گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ بتوانین هه‌م په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و دیموكراسی به‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌ بگه‌یێنین، هه‌میش پێكۆڵی له‌ ماف و داواكارییه‌ ڕه‌واكانمان بكه‌ین. هه‌روه‌ها زۆر گرنگه‌ ئێمه‌ بتوانین كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی و كوردستانی له‌ باشووری كوردستانیش دابمه‌زرێنین، كه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ كوردستانییه‌كان بگرێته‌خۆ بۆ مامه‌ڵه‌كردن و تێپه‌ڕاندنی قۆناغی ئێستا كه‌ پڕه‌ له‌ ئه‌گه‌ری چاوه‌ڕواننه‌كراو.

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز.. به‌ پێویستی ده‌زانم لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی و دیالۆگ له‌نێوان هێزه‌ كوردییه‌كان و به‌ تایبه‌ت په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی توركیا بكه‌م. له‌ ڕاستیدا ئه‌و گۆڕانه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی توركیادا ڕوویداوه‌ ده‌رفه‌تێكی زۆر باشه‌ و پێویسته‌ له‌پێناو پته‌وتركردنی ئاشتی و بووژانه‌وه‌ سوودی لێ ببینین. داوا له‌ هه‌ردوولا ده‌كه‌م هه‌وڵی به‌رده‌وام بده‌ن بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی ئاشتی و به‌ پشوودرێژی و وردبینییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن. چونكه‌ ئاشتی و ڕێگه‌ی دیالۆگ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ توندوتیژی تاكه‌ ڕێگه‌یه‌ گه‌لی كورد به‌ ئاواته‌كانی ده‌گه‌یێنن. بۆ سه‌رخستنی هه‌رچیی زیاتری پڕۆسه‌كه‌ هیوادارم به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ئازاد بكرێت و گۆڕانكارییش له‌ ده‌ستووری توركیادا ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر دوو گه‌لی كورد و تورك به‌ ئاشتی له‌ته‌ك یه‌كتردا بژیین.

سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژئاوای كوردستانیش، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای قه‌یرانی سووریا زۆر هه‌وڵماندا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ ده‌وری یه‌كتر و له‌ژێر یه‌ك چه‌تر و ستراتیژیدا كۆ بكه‌ینه‌وه‌ و ڕێككه‌وتننامه‌ی هه‌ولێری لێ كه‌وته‌وه‌، كه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی بوو. داوا له‌ هه‌موو پارته‌ كوردییه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌م له‌پێناو سه‌رخستنی ماف و داواكانی گه‌لی كورد له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستاندا پابه‌ندی ڕێككه‌وتننامه‌ی هه‌ولێر بن و به‌ ته‌بایی و برایه‌تی هاوكاری یه‌كتر بن نه‌ك له‌ڕێی چه‌ك و زۆر و خۆسه‌پاندن ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه‌. به‌كارهێنانی زۆر و چه‌ك و گرژیی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ڕێك ئه‌و شته‌یه‌ نه‌یار و دوژمنانی گه‌لی كورد چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش، ئێمه‌ به‌ هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه‌ پشتگیریی ڕێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه‌ ده‌كه‌ین و هیوادارین دۆزی كورد له‌و پارچه‌یه‌ پێشكه‌وتن به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت و ئه‌وه‌ش وا ده‌خوازێت هێزه‌ كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیش وتاره‌كه‌یان یه‌كبخه‌ن و په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان هه‌ڵبگرن.

حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه‌یش به‌وه‌ بده‌م، كه‌ گه‌لی كورد گه‌لێكی ئاشتیخواز بووه‌ و حه‌زی له‌ شه‌ڕ و خۆسه‌پاندن نه‌بووه‌. له‌ پێناو به‌رقه‌راربوونی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا باشترین ڕێگه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ وڵاتان ده‌ستبه‌رداری شێوازه‌كانی نكۆڵیكردن ببنه‌وه‌. واز له‌ كێبڕكێی خۆپڕچه‌ككردن و هه‌وڵدان بۆ شه‌ڕ و تێكدانی ئاساییش و پاڵپشتیكردنی تیرۆر بهێنن و ته‌نیا كار بۆ سه‌رخستنی ئاشتی بكه‌ن.

له‌كۆتاییدا دووباره‌ هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ كۆنگره‌كه‌تان ده‌خوازم. هیوادارم كۆنگره‌ به‌ بڕیاری گرنگ ته‌واو بێت و هه‌موو لایه‌ك هه‌ماهه‌نگ و كۆده‌نگ بن له‌مه‌ڕ دانانی ستراتیژییه‌كی درێژخایه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كورد.

بژی كورد بژی كوردستان
مسعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1177