پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە


KRP.org | |


16/07/2013
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
گەلی خۆشەویستی كوردستان....
هێز و لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی...

بۆ من خۆشترین بڕیار ئەوە بووە كە لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە پێناو ئازادی و مافە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی گەلی كوردستان و ڕزگاركردنی خاكی كوردستاندا بوومە پێشمەرگەی كوردستان.

پێشمەرگایەتیش گەورەترین شانازیی ژیانی منه و، لە هەر پلە و پۆستێكدا بووبم بە گیانی پێشمەرگانە كار و خەباتم كردووە و، بە بیروباوەڕی پێشمەرگانەوە كارم بۆ بەرژەوەندیی گەلەكەم كردووە و، هەر لەو ڕوانگەشەوە هەموو پۆستەكانم بۆ بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانەكەم بەكارهێناوەن.
زۆریش سەربەرزم بەوەی كە هەر لە سەرەتای راپەڕینی شكۆداری گەلی كوردستان لە بەهاری 1991ـەوە وەك پابەندبوون بە ئامانجەكانمان لە ئازادی و دیموكراسی لە كاتی شۆڕش و خەباتی پێشمەرگایەتیدا لە شاخ، هەروەها وەك ئەركێكی نیشتمانی و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و دامەزراندنی سیستەمێكی سیاسی و ئیداریی دیموكراسیانە، داوام كرد بەرەی كوردستانی بە زووترین كات هەڵبژاردنێكی ئازاد ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە، چارەنووس و سیستەمی سیاسیی خۆی دیاری بكات.

لەوكاتەوە گەلی كوردستان، بە هاوكاریی هەموو لایەنە شۆڕشگێرەكانییەوە پڕۆسەیەكی دیموكراسییانەی دەستپێكرد. ئێستاش بە پشتێوانیی خوای گەورە و هاوكاریی دڵسۆزان و خەبات و خۆڕاگریی گەلەكەمان، پێشكەوتنی گەورە لە هەموو ئاستەكانی ژیانی خەڵكی كوردستاندا بەدیهاتوون. هەر بەو هۆیەوە كوردستان ئەمڕۆ نێوبانگێكی باشی هەیە لە ڕووی جێگیریی سیستەمی سیاسی و سەقامگیریی باری ئەمنی و پێكەوەژیان. هەروەها پێشكەوتنەكان لە بواری ئابووری و ئاوەدانیدا، ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی كوردستان لە جیهاندا بەهێزتر دەكەن.

لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستاندا، وەك بەشێك لە نەریتی دیموكراسی، گفتوگۆ و گەنگەشەیەكی زۆر لەسەر سروشت و پێناسەی سیستەمی سیاسی و پڕۆژەی دەستوور هاتە ئاراوە.

بۆ پێشكەشكردنی نموونەیەكی جوانتری پڕۆسەی دیموكراسی و پابەندبوون بە یاساوە، نامەی فەرمیم نارد بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، تاوەكو لە مانگی 9ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێن. بەو شێوەیە ئەوەی ئەركی سەرشانی من بووە بەجێمگەیاندووە، لە نامەناردن و داواكردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و پاشان دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنەكان، كە ئەویش رۆژی 21/9/2013 بووە. لە دوای ئەو فەرمانە و پێش دەرچوونیشی، جیاوازیی بیروڕا هەبوو لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە ئایا بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەمواركراو و پڕۆژەی دەستوور بێت، كە سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، یان بە پێی بۆچوونی چەند حیزبێك كە داوا دەكەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نێو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت. ئەمەیش جیاوازی خستە ناو لایەنەكانەوە پاشان پرسی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی خرایە سەر و دەرئەنجام بەداخەوە مامەڵەكردنی توندی هەندێ لایەن پڕۆسەی سیاسی بەرەو قەیران برد.

بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەی پێكەوەكاركردنێكی باشتر بهێنینە ئارا سەبارەت بەو پرسانە و بۆ ئەوەی نموونەیەكی جوانتری پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پێشانی خەڵكی خۆمان و دەرەوەش بدەین، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەی تەوافوق بڕەخسێنین و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، سەرنج و تێڕوانینی خۆیان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك و پڕۆژەی دەستوور بخەنەڕوو، بەنامەیەك لە 25ـی 5ـی 2013 داوام لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد، تێبینی و سەرنجەكانیان لەسەر پڕۆژەی دەستوور بۆ ئێمە بنێرن. دوای گەیشتنی وەڵامەكان، داوام لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد لەگەڵ سەرجەم لایەن و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك.
ئامانجی من لە ناردنی تێبینیی لایەنەكان بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوە بوو كە تەوافوقی لایەنەكانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان و سەرنجی هەموو پێكهاتەكان ببێتە نەخشەڕێگەیەكی باشتر و زەمینەیەكی گونجاوتر دابین بكەین بۆ پڕۆژەی دەستوور و هەڵبژاردنەكان، ئینجا بە هەموو سەراحەتێكەوە بە گەلی كوردستان ڕابگەیێنم كە من وەك شەخسی خۆم هیچ نییەتێكم بۆ خۆكاندیدكردنەوە نییە و ڕێز لە هەموو یاساكان دەگرم و ئەمانەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی هەر بەڕێزێكی دیكە دەكەم كە هەڵدەبژێردرێت.

بەڵام بە داخەوە ئۆپۆزیسیۆن سەركەوتوو نەبوون لە هاوكاریكردن بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە، بەڵكو بەو شێوە ڕەفتارەیان كە قبووڵیان نەكرد لایەنەكانی دیكە لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتی پەرلەماندا بەشدار بن، هەوڵ و پرۆسەكەیان پەكخست. لەوەدا دەركەوت كە مەفهوومی تەوافوق لای ئۆپۆزیسیۆن تەنیا سەپاندن و جێبەجێكردنی ئەو داوایانەیە كە خۆیان هەیانە، بە بێ گوێدانە داواكانی لایەنەكانی دیكە.

دەمەوێت لێرەدا زۆر بە ڕاشكاوی بیڵێم، تەوافوق ئەوە نییە كە تەنیا پارتی و یەكێتی و سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن رێكبكەون، بەڵكو پەیوەستە بەوان و هەموو لایەن و پێكهاتە جیاجیاكانی دیكەی كوردستانیشەوە. پڕۆژەی دەستوور كاتی خۆی لە لایەن 36 حیزب و هەموو نەتەوەكانی كوردستانەوە گفتوگۆی لەسەر كراوە، لەبەر ئەوەش ئەمڕۆ نابێ پشتگوێ و پەراوێز بخرێن، چونكە كوردستان هەر تەنیا ئەو پێنج لایەنەی تێیدا نییە. لێرەشدا دووبارە داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەمەوە، لەسەر پرسی دەستوور بەرەو تەوافوق هەنگاو بنێن و منیش بە هەموو توانایەكەوە پشتیوانیتان دەكەم، با قەیرانی سیاسی دروست نەبێ و بۆ ئەوەی ئارامیی ژیان لە خەڵكی كوردستان تێكنەدرێت و، هەموو هێز و توانای خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین كە ئەمڕۆ بۆ گەل و نیشتیمانەكەمان لە ناوچەكەدا هاتوونەتە پێش.

هەموو هەوڵێكی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەكی نوێی گەییشتن بە تەوافوق. خەڵكی كوردستان و حیزبەكان شایەتی ئەوەم بۆ دەدەن، كە لە سەروبەندی پەسەندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2009دا لە لایەن پەرلەمانەوە، هەوڵێكی زۆرمدا بۆ ئەوەی تەوافوقی لەسەر دروست ببێ و بە دڵی هەموو لایەنەكانی كوردستان بێت و، پێداگیریم لەسەر ئەوە كرد كە دەبێ تێڕوانینی هەموو نەتەوە و پێكهاتە ئایینییەكانی تێدا جێبكرێتەوە. هەرواش كرا و، دوای ئەوە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا. ئەمجارەش دەمویست دوور لە هەموو گرژی و هەڵچوونێكی ناو پڕۆسەی سیاسی هەمان زەمینە دروست بكەمەوە بۆ گەییشتن بە تەوافوق.

بەداخەوە ئۆپۆزیسیۆن بە ڕەفتار و شێوەی مامەڵەكردنیان لەو چوار ساڵەی رابردوودا، ئەو تێڕوانینەی بەشێكی زۆر لە خەڵك و لایەنەكانیان لەسەر خۆیان چەسپاندووە، كە بە هیچ شتێك رازی نابن و، تەوافوق لە ڕوانگە و بە لێكدانەوەی ئەوان سەپاندنی بیروڕاكانی خۆیانە كە ئەوەش پێچەوانەی ڕێسا و عورفە سیاسی و دیموكراسییەكانە.

سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن دەبێ بزانن كە جگە لە پارتی و یەكێتی، زۆر حیزبی دییش هەن لە كوردستاندا لە سەختترین ڕۆژگاری ژێر دەستەییدا ئەو پەڕی فیداكارییان نواندووە بۆ بەرگریكردن لە هەبوونی گەلەكەمان و مانەوەی ناوی كوردستاندا، هەروەها زۆر حیزبی دیكەی مۆڵەتپێدراو هەن ئەمڕۆ ڕا و قسەیان هەیە بۆ پێشكەوتنی كوردستان. نابێ سێ لایەنەكەی ئۆپۆزیسیۆن ڕێگە بە خۆیان بدەن و هەوڵی ئەوە بدەن لە لایەن دەزگا باڵاكانی كوردستانەوە ڕا و بۆچوونی لایەنەكانی دیكە نادیتە بگیرێن. یان رێگە بە خۆیان بدەن بە شێوەیەك لە سووكایەتی پێكردنەوە باسیان بكەن، چونكە بە هیچ شێوەیەك ئەوە نەریتێكی دیموكراسیانە نییە. بۆیە داوا لە برایانی ئۆپۆزیسیۆن دەكەم بە سینگێكی فراوانی یەكترقبوڵكردنەوە و بە پێی بنەما دیموكراسییەكان كار و چالاكییە سیاسییە یاساییەكانیان ئەنجام بدەن و، هەموو ڕەفتار و مامەڵەكانیان لەسەر بنەمای قبوڵكردنی ئەوانیترەوە بێت.
خەڵكی خۆڕاگری كوردستان....

پەرلەمانی كوردستان، لە ڕۆژی 30/6/2013 دا بە دەركردنی دوو یاسا، ماوەی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی درێژ كردەوە، ئەوەش دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە. لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە هیچ كات خولیای كورسی و پۆست نەبوومە. ئەمڕۆش نامەوەێ مێژووی خۆم لە خەبات بۆ رزگاری و ئازادی كوردستان بە هیچ شتێكی دیكە بگۆڕمەوە. مرۆڤ زیاتر بە خەبات و كار و بەخشش بۆ گەل و نیشتمان و مرۆڤایەتی دەناسرێتەوە نەك بە پلە و پۆست و ناونیشانی وەزیفی و ئیدارییەوە.

یاسای درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستانم ئیمزا كرد تاوەكو هیچ بۆشاییەكی یاسایی و دەستووری لە هەرێمی كوردستاندا دروست نەبێت. ماوە و ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە دەنگی فراكسیۆنی كوردستانیی (پارتی و یەكیێتی) لەگەڵ فراكسیۆنەكانی حیزب و نەتەوەكانی دیكەی ناو پەرلەمان و سەربەخۆكان جگە لە فراكسیۆنەكانی حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆن، درێژكرایەوە.

ئێستا من لەبەردەم ئەركەكانی ئەو هاوپەیمانییەتەدام كە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هەیە، كە پێكەوە لەگەڵ چەند حیزب و نەتەوەی كوردستاندا لەناو پارلەمان بڕیاریان داوە ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ دوو ساڵ درێژ بكرێتەوە، بە بێ ئەوەی من تێیدا بەشدار بووبم.

هەروەها من لەبەردەم بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و كۆمەڵێ ئەرك و كاری هاوبەشی درێژخایەندام لەگەڵ برای خۆشەویستم مام جەلال بۆ درێژەدان بە هاوپەیمانێتییەكە، بۆ ئەوەی وەفاداری ئەو كاروانە بم كە دەستمان پێكرد و ئەنجامەكانیشی بە ئیجابییەوە بەردەوام بن و، ئینشاڵڵا كە ئەویش بە خۆشی دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، هەموو شتێك لەوپەڕی سەقامگیریدا ببینێ. لە هەمانكاتدا من باش لە ئەركەكانی هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتی و پارتی تێدەگەم، كە بە ڕاستیش ئەو هاوپەیمانێتییە سەقامگیری و پێشكەوتنێكی زۆر گەورەی لە كوردستاندا دروستكردووە، كە بەرهەمەكەشی ئەوەیە كە ئێستا هەرێمی كوردستان جێگەی سەرنجی هەموو جیهانە، هەروەها وایكرد كورد بەشدارێكی چالاك بێت لە گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكەدا. ئەمڕۆش كە جەنابی مام جەلال لەبەر باری تەندروستی لە كوردستان نییە هەست دەكەم بەرپرسیارێتییەكەی ئەویش دەبێ من ئەنجامی بدەم لە پاراستن و بەهێزكردنی ئەو هاوپەیمانییەتییەدا وەك وەفادارییەك بۆ پێكەوەكاركردن و هاوخەباتیی و هاوكاریی چەندساڵەی نێوانمان لە پێناو گەل و وڵاتەكەماندا.
هەروەها بۆ رەچاوكردنی نیگەرانییەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لەمەڕ ئەگەری قوڵتربوونی قەیرانی سیاسی و پاراستنی سەقامگیری لە كوردستاندا و، لەبەردەم داوای كەسایەتییە خەباتگێڕەكانی كوردستانی عێراق و پارچەكانی دیكەی كوردستاندا، و پاش ڕاوێژكردن لەگەڵ زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانم ڕەتنەكردەوە. بەڵام ئەو ڕەتنەكردنەوەیەش بەو مانایە نییە كە من لەگەڵ شێواز و ناوەڕۆكی یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمدا بم، بۆیەش ئیمزام نەكرد.
لێرەدا وەك ڕێزگرتنێك لە دەنگی زۆربەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و بۆ ئیحراج نەكردنیان، بە گەلی خۆشەویستی كوردستان رادەگەیێنم، كە من بە شێوەیەكی كاتی تا وەكو خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دەست بەكار دەبێت و بە پەلە دەگەنە تەوافوقێك، ئەو ئەرك و ئەمانەتەی كە خراوەتە سەرشانم بەجێیدەگەیێنم، هەر لە ئێستاشەوە داوا لە سەرۆكایەتیی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە لەژێر ڕۆشنایی ئەو نامەیەم كە لە 12ـی 6ـی 2013ـدا ئاراستەی سەرۆكایەتیی خولی ئێستای پەرلەمانم كردبوو، دوای هەڵبژاردنەكانی 21/9/2013 دەستبەجێ لە كۆبوونەوە دەستپێكییەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بە زووترین كات میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بگەنە تەوافوق لەسەر هەمواركردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم. ئەو كات هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و ئەو ئەمانەتەی لە دەست ئێمە دایە بدەینە هەر بەڕێزێكی دیكە كە متمانەی گەلی كوردستان بەدەست دەهێنێت. خۆم و كاك كۆسرەت، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش، وەك دەزگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەموو هاوكارییەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی تازە دەكەین بۆ ئەو مەبەستە.

دەبێ بە هەموومان نموونەیەكی جوانی دیموكراسی پێشكەش بكەین، نابێت هیچ كەس بە كورسییەكەیەوە بچەسپێت و، نابێت ڕێگە بدرێت سەرۆكی هەتا هەتایی هەبێت لە كوردستاندا. من خۆم باوەڕێكی تەواوم بەوە هەیە كە كاتێك پۆستێك لە لایەن كەسێكەوە بەجێدەهێڵدرێت، دەبێ گەل ئەو پرسیارە بكات كە بۆچی ئەو پۆستە بەجێدەهێڵێت، نەك گەل بگاتە رادەی ئەوەی ئەو پرسیارە بكات كە بۆ چی ناڕوات.

گەلی خۆشەویستی كوردستان من دڵنیاتان دەكەمەوە كە تەنیا ئێوە دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆتان بدەن و، كەس ناتوانێ ئەو مافەتان لێ زەوت بكات.

بژی كوردستان...

نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی رزگاری كوردستان و سەرفرازی
سەربەرزی بۆ گەلی كوردستان

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
16ـی 7ـی 2013





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 3154