سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەجیاتی شەڕی کوشتنی 8 سەرباز با شەڕەکە لە پەرلەمانی تورکیا بکرێت


KRP.org | |


26/08/2011
عارف زێرەڤان، سەرنووسەری ماڵپەڕی نەفەل، لە رۆژی 21/8/2011 هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سازکردووە، کە ئەوەی خوارەوە پێشەکی عارف زێرەڤان و دەقی هەڤپەیڤینەکەیە:

مەسعود بارزانی، سەرۆکی کوردستان دوێنێ لە سەلاحەدین لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی نەفەل ، گۆتی پێویستە لە تورکیا BDP و کورد شەڕی خۆیان لەنێو پەرلەمانی تورکیادا بکەن، گوتی ئەو شەڕەی PKKیش دەیکات، خزمەتی کێشەی گەلی کورد ناکات. مەسعود بارزانی هەروها گوتی لەو هەلومەرجەدا کۆنفراسی کوردستانیش ئەنجام نادرێ، دەربارەی سووریاش گوتی دەبێ مافەکانی گەلی کورد لە سووریا قبووڵ بکرێن.

دونیا بەسەرسەری موعەممەر قەزافی رێبەری لیبیادا لێکدراوە. تەرابلوس کەوتە دەست شۆڕشگێران، سێ لە کورەکانی قەزافی بە دیل گیران و قەزافیش دیار نییە. رۆژەکانی بەشار دیکتاۆری سووریا بەشار ئەسەدیش زۆر نەماون، ئەمڕۆ یان سبەی سەڵتەنەتی ئەویش دەڕووخێ و سووریا رزگار دەبێ.
عەبدولڵا ئۆجەلان، رێبەری PKK پێش ماوەیەک لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە بە PKKی گوت بڕۆن پێکەوە لەگەڵ ئێران و سووریا لە بەرەی دژی "ئیمپریالیزم"دا بوەستن. ئێستا ئێران و تورکیا لە قەندیل شەڕی ئەوە دەکەن کە کامەیان PKK لەژێر کۆنترۆلی خۆیدا دەهێڵێتەوە.

گۆڕانی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە لە بەرژەوەندی کوردە. بەرژەوەندی کورد لە بەرەی ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا و دیموکراتی و ئازادیدایە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی کوردستان لەم هەڤپەیڤینەدا رێگەی راست پیشانی کورد دەدات، بەتایبەتی کوردی باکوور و تورکیا. ئەوجا کورد یان گوێدەداتە‌ مەسعود بارزانی و رێگەی سەرکەوتن هەڵدەبژێرن، یان ئەوەتا گوێدەدەنە لە عەبدولڵا ئۆجەلانی سەرۆکی PKK و دەچنە نێو بەرەی دژی "ئیمپریالیزم" و رێگەی شکستی هەڵدەبژێرن.

....................


* ئەحمەد داوود ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کاتێک بۆ یەکەمین جار سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ تۆ دانیشت‌، دوای کۆبوونەوەکە گوتی بۆچوونی تورکیا و جەنابتان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکە وەکویەکە. ئایا گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و رووداوەکانی سووریا بەپێی بۆچوونەکانتان دروستدەبن؟

- لەیەکچوونی بۆچوونەکانمان لەوەدایە کە دەبێ هەر میللەتێک خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسەکەی بدات، بۆیە ئێمە لەسەر ئەمە هاوڕاین.
ئەگەر ئەو دەسەڵاتدارانەی لەدوای ئەسەد دێن دان بە مافی کورد دانەنێن رەوشەکە خراپ دەبێ

* باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا و رێبەرانی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا چەند رۆژێک لەمەوبەر بەشێوەیەکی ئاشکرا گوتیان دەبێ سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەد دەست لە دەسەڵات بەربدات و بڕوات. ئایا بۆ ناوچەکە و کوردی سووریا، رۆیشتنی بەشار ئەسەد باشترە یان مانەوەی؟


- بمێنێ یان بڕوات، ئەو بێ یان ئەوانەی دوای ئەو دێنە سەر دەسەڵات بن، بۆ ئێمە گرنگ ئەوەیە کە دان بە مافی گەلی کورد بنێن. ئەو رەتکردن و ئینکارکردن و ئەو رەفتارانەی دژی گەلی کورد ئەنجامدراون نەمێنن، بۆ گەلی سووریاش رەوشێکی دیموکراتی لە سووریا دروستببێ. ئەوجا بەشار ئەسەد بیکات یان ئەوانەی لەدوای ئەو دێن بیکەن، ئەوە قەناعەتی ئێمەیە.

بەشار ئەسەد بمێنێ یان کەسانی نوێ بێن، رەوشی ئێستای سووریا دەگۆڕێت

من نازانم ئەو دەسەڵاتدارانەی دوای بەشار ئەسەد دێن، ئەمە ئەنجامدەدەن یان نا. ئەگەر نەیکەن رەوشەکە خراپ دەبێ.

* تورکیا گومانی ئەوەی هەیە، دەڵی ئەگەر بەشار ئەسەد بڕوات لەوانەیە کوردانی سووریاش وەک کوردی باشوور و عێراق هەندێک مافیان دەستکەون و ببنە خاوەن رۆڵێک. لەوانەیە تورکیا زۆر لایەنگری بەهێزبوونی کورد نەبێ لە سووریا. رای تۆ لەسەر ئەمە چییە؟

- بەشار ئەسەد بمێنێ یان کەسانی نوێ بێن، بێگومان رەوشی ئێستای سووریا دەگۆڕێت. ئەو رەوشەی ئێستا لە سووریا هەیە نامێنێ و لەنێو ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەکرێن، دەبێ دان بە مافی گەلی کورد بنرێت. هەر دەوڵەتێکی دیکەش رازیبێ یان نا، ئەگەر بیەوێ سووریا سەقامگیر بێ، دەبێ کێشەی کورد لە سووریا چارەسەر بکات، چونکە کێشەی کورد هۆکارێکی ناسەقامگیری سووریایە.

تورکیا و ئێران بەشەڕ ناتوانن کێشەی کورد لەنێو ببەن

* ئێستا لە قەندیل شەڕێک هەیە. ئێران هێرشیکردە سەر بنکەکانی PKK لە قەندیل و ئێستاش تورکیا هێرشدەکات. بۆچوونێک هەیە کە PKK لە بەرەی سووریا و ئێرانە دژی بەرەی ئەمریکا و تورکیا. ئێران و تورکیاش هەردووکیان دەیانەوێ بەهۆی هێرشەکانیانەوە PKK بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، ئایا دەبێ PKK چ بکات؟

- حیساباتی لایەنە جیاجیاکان چین، با ئەوە بخەینە ئەولاوە، بەڵام بەڕاستی ئەوە بووەتە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان. ئێران لەلایەکەوە شەڕی پژاک دەکات ، تورکیاش لەلایەکی دیکەوە‌ شەڕی PKK دەکات، ئێمە دەزانین کە پژاک و PKK جیا نین لە یەکتر. PKK بەقسەی ئێمە ناکات. بەنیازیش نین لەم شەڕەدا لایەک بگرین، چونکە نامانەوێ شەڕی کورد و کورد دروستببێ. جارێکی دیکە دەیڵێمەوە شەڕی کورد و کورد حەرامە. بەڵام هەتا هەتایە بەم شێوەیە بەردەوام ناکرێ ، هەرێمی کوردستان ناتوانێ هەتا هەتایە باجی کێشەی پژاک و ئێران بدات، یانیش باجی کێشەی PKK و تورکیا بدات. دەبێ چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و ئەویش بەشەڕ نابێ.

PKK و پژاک ناتوانن بە رێگەی شەڕ شتێک بەدەستبێنن

نە تورکیا و ئێران دەتوانن بە رێگەی شەڕ ئەم مەسەلەیە لەنێو ببەن، نە PKK و پژاکیش دەتوانن بە رێگەی شەڕ شتێک بەدەستبێنن. دەبێ هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ.

* ئەمریکا لە عێراق و کوردستانە و هاوپەیمانی ئێوەیە و لە هەمانکاتدا هاوپەیمانی تورکیاشە. بەشیر ئاتاڵای وەزیری پێشووی ناوەخۆ و مونەسیقی کێشەی کوردی لە تورکیا پێش سێ رۆژ گوتی هەماهەنگییەکی تەواو لەنێوان تورکیا و ئەمریکادا هەیە بەرامبەر PKK. تورکیا لە هێرشەکانیدا خەڵکی مەدەنی و گوندەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکاتە ئامانج. هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر ئەم کردەوانەی تورکیا چییە؟

- کێشە گەورەکە ئەوەیە کە PKK لەسەر شریتی سنووری بارەگای لە زۆر گوند دروستکردووە. ئێمە هەرچەند بە PKK بڵێین ئەم گوندانە چۆڵبکە، چۆڵیان ناکات. ئێمەش نامانەوێ شەڕی PKK بکەین و ببێتە شەڕی کورد و کورد. بەڵام ناشکرێ PKK لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوامبێت و بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستان بۆخۆی بکاتە بارەگا و بیانوو بداتە دەست تورکیا و ئێران و ئەوانیش رۆژانە ناوچەکانی ئێمە تۆپباران بکەن. خاڵی دووەم ئەوەیە کە کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق لەدەست ئەمریکادایە. بێگومان ئەمریکا ئەگەر رێگە بە فڕۆکەکانی تورکیا نەدات، ئەوان ناتوانن بێن و هێرش بکەن. ئەمە بە رەزامەندی ئەمریکا دەکرێ.

هێرشی فڕۆکەکانی ئەمریکا بە رەزامەندی ئەمریکایە

* بوونی گەریلاکانی PKKلە ناوچەی قەندیل یان رۆیشتنی ئەوان لەوێ و جێگیربوونی رێکخراوێکی تیرۆرستی وەک ئەنسارولئیسلام لە قەندیل باشترە بۆ ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان؟

- نە ئەوان و نە ئەوانیدیکە. دەبێ هێزی هەرێمی کوردستان بچنە ئەوێ، یانیش هێزی پاسەوانی سنووری عێراقی بچێتە ئەوێ. ئەو ناوچەیە نە شوێنی PKKیە و نە شوێنی ئەنسارولئیسلامە‌.

* لە تورکیا لە 12 حوزەیران هەڵبژاردن ئەنجامدران، بلۆکی BDP بەگشتی 36 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام نەچووە پەرلەمان.

جارێکی دیکە دەیڵێمەوە شەڕی کورد و کورد حەرامە

ئایا بەرژەوەندی کورد لە سیاسەتی مەدەنی و هەڵبژاردن و دیالۆگدایە یان لە سیاسەتی شەڕی PKKدا؟

- سەردەمی شەڕ بەسەرچووە. ‌بە قەناعەتی من کورد ئەگەر شەڕەکەی لە پەرلەمان بکردایە سەت جار کاریگەرتر و باشتر بوو لەوەی بچن دە سەرباز بکوژن. ئێمە دژی ئەو سیاسەتەین.

کورد ئەگەر شەڕەکەی لە پەرلەمان بکردایە سەت جار کاریگەرتر بوو لەوەی بچن دە سەرباز بکوژن

ئەو شەڕەی ئەم دوایەیی PKK کردی و سەربازی کوشتن، بە قەناعەتی من هەڵەیەکی زۆر گەورەبوو و هیچ خزمەتی کێشەی کورد ناکات. بڕۆن شەڕی خۆتان لە پەرلەمان بکەن.

* پلانێک هەبوو کە "کۆنفراسێکی کوردستانی" لە هەولێر سازبکرێ. ئایا بەهۆی کۆنفراسێکی لەو جۆرەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە کورد بتوانێ PKK رازی بکات کە واز لە سیاسەتی شەڕ بێنێ؟

- کۆنفرانس بۆ ئەوەبوو کە ئێمە پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی کورد بدەینە‌ تورکیا، ئێران، عێراق، ئەورووپا، ئەمریکا و هەموو دونیا.

ئەو شەڕەی ئەم دوایەیی PKK هەڵەیەکی زۆر گەورەبوو

بەڵام دوای دروستبوونی ئەم رەوشەی ئێستا ئیدی کۆنفرانس هیچ سوودێکی نییە. لە ژێر ئاگری تۆپ و بۆمباران و شەڕی PKK و پژاکدا کۆنفرانس ناکرێ، ئەستەمە سازبکرێ.

* سازناکرێ یان دوادەخرێت؟

- لەم هەلومەجەدا کۆنفرانس ناکرێ ئەنجامبدرێ. کۆنفرانس بۆ پەیامی ئاشتی بوو. ئێمە کۆنفرانس سازناکەین بۆ ئەوەی بڕیاری ئەوە بدەین کە ئاخۆ ئێمە پشتگیری شەڕ دەکەین یان لە دژی شەڕین. ئێمە کۆنفرانس بۆ شەڕ سازناکەین، ئێمە کۆنفرانس بۆ ئاشتی سازدەکەین. هەر کاتێک هەلومەرجەکە گونجاو بوو و کۆنفرانسیش بۆ مەبەستی ئاشتی بوو، ئێمە ئەوکات دەیکەین . ئێستا رەوشەکە رەوشی شەڕە و ئێمەش کۆنفرانس بۆ شەڕ سازناکەین.

لەم هەلومەجەدا کۆنفرانسی کوردستانی ناکرێ ئەنجامبدرێ

* پەیامی جەنابتان چییە بۆ کوردی باکوور و تورکیا‌. کورد دەبێ چ بکەن بۆ ئەوەی لەلایەن ئەمریکا و دونیاوە رووبەڕووی تۆمەتبارکردن بە تیرۆر و شەڕ نەبنەوە؟

- کورد لەجیاتی ئەوەی بڕۆن شەش یان هەشت سەرباز لە چەلێ بکوژن، با بچنە‌ نێو پەرلەمان و رای خۆیان دەرببڕن، سیاسەت بکەن، داواکانیان بکەن، بچنە بالیۆزخانەی ئەمریکا، بالیۆزخانەکانی وڵاتانی ئەورووپا ببینن، بچنە لای یەکێتی ئەورووپا و باسی کێشەی خۆیان بکەن، نەک بچن شەش سەرباز بکوژن.

* ئەمریکا ئەمساڵ پاشەکشە بە هێزەکانی دەکات لە عێراق. ئایا دەرچوونی هێزی ئەمریکی مەترسییەک بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دروستدەبێ لەلایەن وڵاتانی دراوسێەوە یان نا؟

- ئێستا گفتوگۆ لەنێوان ئەمریکا و دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا هەیە، بۆ ئەوەی هەندێک هێزی ئەمریکی بمێننەوەو لەبواری مەشقدا یارمەتی هێزەکانی عێراق بدەن.

کورد لە تورکیا بابچنە بالیۆزخانەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا باسی کێشەی خۆیان بکەن

بەڕای من رێککەوتنێک ئەنجامدەدرێت و هەندێک هێزی ئەمریکی دەمێننەوە. ئەمریکا بە تەواوی عێراق بەجێناهێڵێ.





SOURCE:: KRP.org PAGE HIT:: 1652