سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ المدی: فیدراڵیزم تاكە چارەسەرییە بۆ ئایندەی عێراقێكی یەكگرتوو


KRP.org | |


03/12/2012
لەدیمانەیەكی تایبەت بە ڕۆژنامەی المدی بەڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكردەوە هێزەكانی پێشمەرگە هیچ دەستپێشخەرییەك بۆ تەقەكردن لەهێزەكانی سوپای عێراقی ناكات لە ناوچە دابڕێندراوەكاندا تەنانەت یەك گوللەش لەلایەن پێشمەرگەوە ئاراستەی هێزەكانی دیجلە ناكرێت بەڵام ئاشكراشیكرد هێزەكانی پێشمەرگە لەئامادەباشیی تەواودان بۆ هەر بەرەنگاربوونەوەیەكی چەكداری.

هەروەها سەرۆك بارزانی دووپاتیكردەوە كە ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە تەنها بەكوردستانەوە پەیوەست نییە و هیچ شتێكی شەخسی لەنێوان خۆی و مالیكیدا نییە بەڵكو گرفتەكە بەشێكە لە قەیرانی حوكم لەعێراق وكوردیش دەیەوێ ئەو قەیرانە بەشێوەیەك چارەسەر ببێت كە لەسوودی هەموو عێراقییان بێت بەجیاوازیی ئینتیماكانیانەوە.

مالیكی پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبوو

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا مالیكی پابەندی ڕێككەوتننامەی هەولێر نەبوو بەڵكو بەپێچەوانەی ڕێككەوتننامەكە كاری كرد بۆیە پەیوەندیی لەگەڵ هاوبەشەكانیدا كەوتە شڵەژانەوە و گوتی:مالیكی هەوڵی پشتگوێخستنی هەموو ڕێككەوتننامەكانی دا بەواتایەكی ڕاستتر ئەو هەموو ئەو ڕێككەوتنانەی لەیاد كرد كە بەهۆی ئەوانەوە بووە سەرۆك وەزیران ، مالیكی بە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ یان بە كودەتای سەربازی نەهاتە سەر حوكم بەڵكو بە تەوافوقێكی پەرلەمانی ئەم پۆستەی وەرگرت لەگەڵ ئەوەشدا بەئارەزووی خۆی لەگەڵ كوتلە پەرلەمانییەكاندا ڕەفتار دەكات وبەسەفقەی سیاسی لەگەڵیاندا دەجووڵێتەوە،من دەپرسم: لەبەرچی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان لەو هەموو پێشیلكارییانە بێدەنگبوون؟من هەمیشە تێبینییەكانی خۆم نیشان دەدا بەڵام نەمدەویست گرفت بنێمەوە بۆیە بێدەنگ بووم ، ئێستاش بارودۆخ گەیشتە ڕادەیەك كە تەحەممولی بێدەنگیی تیادا ناكرێت.

گرفتەكە تەنها كوردستان ناگرێتەوە

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لەدیمانەكەدا ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەگەر گرفتەكە تەنها بەكوردستانەوە پەیوەست بووایە ئەوا بەیەك تەلەفۆن چارەسەر دەكرا وگوتی: ئەگەرچی من لەگەڵ چارەسەری نیم بەو شێوەیە چونكە چارەسەرییەكە تەواو نابێت و گرفتی زیاتر و گەورەتر بەدوای خۆیدا دێنێت لەبەر ئەوەی مالیكی بەشێوەیەكی زۆر هەڵە وڵات بەڕێوە دەبات، من هیچ گرفتێكی شەخسیم لەگەڵ مالیكیدا نییە وخوای گەورە شایەدی قسەكانمە كە هیچ گرفتێكم لەگەڵیدا نییە،من پێموابوو مالیكی ئەوەندە هاوپەیمانی ئێمە بوو تەنانەت لە غیابی منیشدا بەرگری لەگەلی كورد دەكات چونكە ئەو لەگەڵ ئێمە بوو ولەساڵی 1982ـەوە دەیناسین و ئەو لەگەڵ پێشمەرگەدا ژیاوە و لەمێژەوە ئاگای لەبارودۆخی كورد هەیە، كاتێك سەددام حوسێنیش ڕووخا نەیتوانی لەباشوور یان لەناوەڕاستی عێراقەوە داخیلی وڵات بێت بەڵكو هاتە كوردستان و ئێمە ڕێگەمان بۆی خۆشكرد بۆ ئەوەی بگاتە بەغدا وهەمیشەش پاڵپشتیمان لێی كرد و هەر ئێمەش متمانەمان پێی دا تابووە سەرۆك وەزیران.

دەستم لە مالیكی شوشتووە

سەرۆك بارزانی ئەوەی هێنایەوە یاد كاتێك مالیكی سوپای بەرەو كەركووك لەساڵی 2008 دا جووڵاندەوە ودووپاتیكردەوە لەو ساوە ئەو دەستی لەمالیكی شوشتووتەوە چونكە باوەڕی بەوە هەبوو كە هەمان ڕەفتار دووبارە دەكاتەوە ولەئەنجامدا ئەو قەیرانە دروستبوو، هەروەها گوتی:پرسی سوپای عێراق یەكێكە لەترسناكترین ئەو پرسانەی كە پێویستە زوو حكوومەت چارەسەری بكات ، بزانن ئێستا بەغدا چۆن سوپا بەڕێوە دەبات؟ من لەدژی سوپا و پڕچەككردنی نیم بەڵام لەدژی ئەوەم سوپا ببێتە موڵكی تاكە كەسێك ئەمە ئەو سوپاسە نییە كە خەباتمان بۆ پێكهێنانی كرد و لەدەوڵەتی تازەی مەدەنیدا ،زۆر لەیاساكانی پەیوەست بە سوپا پێشیلكردان بەتایبەتی لەڕووی دامەزراندنی سەركردەكانی سوپا كە دەبوایە لەڕێگەی پەرلەمانەوە بووایە بەڵام تائێستا هیچ یەك لەئەفسەر و پلەدارانی سوپا بەمشێوەیە دانەمەزراون وتەنانەت پەرلەمان هەر ئاگای لێی نییە،كەواتە ئەو سوپایەی ئێستا لەڕووی دەستوورییەوە نایاساییە وسەرۆكی حكوومەتیش شێوازێكی زۆر ترسناك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم سوپایەدا پەیڕەو دەكات بەشێوەیەك كە ڕێگە بۆ سوپا خۆشدەكات دەست لەكاروباری سیاسیی وڵات وەربدات، ئەو ڕەفتارە وامان لێدەكات پێشبینیی كودەتای سەربازیی هاوشێوەی كودەتاكانی جاران بكەین. هەروەها سەرۆك بارزانی ئاشكرای دەكات ئەو ئەفسەرە كوردانەی لەنێو سوپادان هەمیشە بەشێوەیەكی سلبی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكردێت ولەبری ئەوە بەڕێزیان داوای لەسەركردایەتیی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد لەمبارەیەوە بێدەنگ نەبن، سەرۆك بارزانی كۆبوونەوەكەی سەركردایەتیی هێزی چەكداری هێنایەوە یاد كاتێك یەكێك لەئەفسەرانی سوپا بەمالیكیی گوتبوو : گەورەم فەرمانمان پێبكەیت ئێستا خۆمان دەگەیەنینە كورد و لەسەڵاحەددین وەدەریان دەخەین ئەویش لەوەڵامدا گوتبووی: چاوەڕوان بن فڕۆكەی F16ی ئەمەریكاییمان بۆ بێت بزانن چی دەكەم، لەمبارەیەوە سەرۆك بارزانی دەڵێت: بۆ من هیچ جیاوازییەك لەنێوان F16 و مێگ 17 نییە كە سەددام بۆ لێدانی ئێمە بەكاری هێنا بەڵام لێرەدا نییەت و عەقڵییەتەكان زۆر ترسناكن ، مالیكی لەجیاتی ئەوەی سوپا بۆ پاراستنی عێراق تەرخان بكات وچەكی بۆ بكڕێت چاوەڕوانیی چەك دەكات بۆ ئەوەی لەبەشەكانی دیكەی عێراق بدات وسوپا بخاتە نێو ململانێیە سیاسییەكانەوە ئەمەش لەخۆیدا پێشیلكارییەكی گەوەرەی دەستوورە.

ترسەكە لەعەقڵییەتی مالیكیدایە

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نەیشاردەوە شێوازی بیركردنەوەی مالیكی وعەقڵییەتی ئەو مەترسییەكی گەورەی دروستكردووە و ئێستا دەیەوەێ ببێتە حاكمی ڕەهای وڵات بەدوور لەشەرعییەت، من دەپرسم چ تاقمێكی ڕاوێژكاری لەدەورووبەری مالیكیدان وئەم ڕاوێژییانەی بۆ دووپاتدەكەنەوە؟ ئایا مەعقوولە دوای ئەو هەموو ساڵەی خەبات وقوربانیدان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام حوسێن بەئەنفال و كیمیاباران وجینۆساید جارێكی دیكە كورد هاودژی سەرۆك وەزیران بن كە دەیەوێ ببێتە حاكمێكی ڕەها و دەست لەكاروباری هەرێمی كوردستان وەربدات و ڕەچاوی تایبەتمەندیی نەكات و بۆ نموونە بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لەلایەن ئەوەوە دابمەزرێ؟ ئێمە ئامادەین بەتەنها ئەو بارودۆخە چارەسەر بكەین ئەگەر هێزەكانی دیكەی عێراقی بێدەنگ بوون بەڵام ئێمە چارەسەرییەكی نیشتیمانیی عێراقیمان دەوێ كە بەپێی ئەو هەموو هێزە عێراقییەكان و فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان سنوورێك بۆ ئەو شێوازەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت وئەو ڕەفتارانەی مالیكی دابنێن ، من هیچ بڕیاێكم نەداوە و نایدەم بەبێ گەڕانەوە بۆ حزب ولایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەدەسەڵات وئۆپۆزیسیۆنەوە و لەدوایین كۆبوونەوەی ئەو حزبانە لەسەر ئەوە ڕێككەوتین پەیامێك بۆ هاوپەیمانیی نیشتیمانی بنێرین ودووپاتیدەكەمەوە بەبێ حزبە كوردستانییەكان من هیچ بڕیارێك نادەم.من نازانم ئەو خەڵكەی عێراق لەبەرچی لەڕەفتارەكانی مالیكی بێدەنگن؟ ئایا كوردستان لەشكستی حكوومەتی عێراق لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەرپرسە؟ من پێشنیاری ئەوە دەكەم هەموو لایەنەكان بۆ دەستوور بگەڕێنەوە و دێباجەی دەستوور بخوێننەوە ودووپاتیدەكەمەوە كورد قبووڵی ئەوە ناكات بەرەو دواوە بگەڕێتەوە بەتایبەتی دوای ئەو هەموو خەبات وقوربانییەی لەپێناو عێراقی تازە داویەتی.

چارەسەریی پرسی كەركووك

سەرۆك بارزانی دووپاتیدەكاتەوە چارەسەركردنی پرسی كەركووك زۆر لەوادەی خۆی زیاتر دواكەوت و حكوومەت لەجێبەجێكردنی ماددەی 140 جیددی نەبوو وگوتی: ئێمە زۆرجار ناچار دەبووین بێدەنگ بین وهەموو جارێكیش دەمانگوت ئەگەر لەمساڵەدا جێبەجێ نەكرا ساڵی دابێ دەكرێ ومالیكی بەڵێنی خۆی جێبەجێ ناكات ، ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان هاتنە نێو مەسەلەكە هەر قبووڵمان كرد ، گرفتەكەش لەكشانەوەی ئەمەریكا لەعێراق و نەمانیان لەناوچە دابڕێندراوەكاندا دەستیپێكرد ئەوكات مالیكی هەستی بەوە كرد ئەو حاكمی ڕەهای عێراقە و بەئارەزووی خۆی فەرمان دەدات وكەسێك بۆی نییە ڕەخنەی لێبگرێت وبەتانك و فیرقەی سەربازی وەڵامی ئێمەی دایەوە.

سەردانی نوجەیفی بۆ هەرێمی كوردستان

لەبارەی سەردانەكەی نوجەیفی بۆ هەرێمی كوردستان كە تیایدا پێشنیارێكی بۆ چارەسەریی كێشەكە لەگەڵ خۆیدا هێنابوو لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی ساڵی 2009 هێنابوو بەپێكهێنانی هێزێكی هاوبەش لە هێزە ئەمنییەكانی عێراقی و پێشمەرگە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسێی ئەمنی لە ناوچە دابڕێندراوەكان سەرۆك بارزانی گوتی:بە نوجەیفیم گوت بەغدا خۆی لە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە پاشگەز بۆوە ، ئێمە لاریمان لەسەر جێبەجێكردنیان نییە بەڵام بەو مەرجەی هێزەكانی دیجلە لەو ناوچانە بكشێنەوە و بەبڕیاری حكوومی هەڵبوەشێندرێنەوە چونكە ئەو هێزانە بەهیچ شێوەیەك قبووڵناكرێن، ئێمە شاندمان بۆ بەغدا ناردووە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی وردەكارییەكانی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە ودوای گەڕانەوەیان هەموو حزبە كوردستانییەكان كۆدەكەمەوە و بەكۆدەنگی بڕیار لەمبارەیەوە دەدەین،وبەوپەڕی ڕاشكاوییەوە ئەگەر مالیكی لەسەر چارەسەریی سەربازی مكوڕبوو ئێمە بۆی ئامادەین وهێزەكانی خۆمان بەرامبەر هێزەكانی ئەو بەجێدەهێڵین وڕێگەی پێنادەین بەرەو كەركووك وناوچەكانی دەورووبەری بێتە پێش وئەگەر تەقەشیان كرد لەوانەیە جارێك یان دووجار خۆڕاگر ببین بەڵام دواجار وەڵاممان دەبێت و وەڵامی چەكداریمان دەبێت،بۆ زانیاریش تاساڵی 2006 هیچ وجوودێك بۆ سوپای عێراق نەبوو ولەژێر دامەزراندنەوە بوو ئەوەش وایكرد پێشمەرگە ڕۆڵی بەرچاو لەپاراستنی ئاسایشی ناوچەكانی دیكەی عێراق ببینێت نەوەكو تەنها ناوچە دابڕێندراوەكان وبەهۆی تیرۆرەوە ئەوكات عەرەبی سوننە و شیعە هۆشدارییان لەبەشداریكردن لەو سوپایەدا نیشاندەدا بۆیە ئێمە 3 لیوای هێزی پێشمەرگەمان ناردە ئەو ناوچانە وبوونە بناغەی دامەزراندنەوەی سوپا.

ڕێككەوتنی ساڵی 2009

سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند ڕێككەوتنی ساڵی 2009 دامەزراندنی لیژنەیەكی لێكەوتەوە كە لە وەزیرانی ناوخۆ و بەرگریی عێراق و وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان وچەند بەرپرسێكی باڵای سەربازیی هەردوو حكوومەت پێكبێت ئەمە جگە لەچەندین لیژنەی لاوەكی لە كەركووك و دیالا و نەینەوا . بەپێی ڕێككەوتنەكە لیژنەكە پێكهات و بەرپرسیارێتیی ئەو لیژنانە لەوەدا بوو هەر كاتێك شتێك ڕووبدات ئەوان بەمیكانیزمێكی هاوبەش بجووڵێنەوە و هەر بڕیارێكیش بدرێت دەبێ بەهاوبەشی بێت ، هەر بەپێی ئەو ڕێككەوتنەش ئەو لیژنە هاوبەشە لەژێر فەرمانی نووسینگەی مالیكیدا نەدەبوو بەڵكو لەژێر سەرپەرشتیی بەرپرسانی ئەمنیی حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.ئێمە مەحاڵە قبووڵی ئەوە بكەین پێشمەرگە لەژێر فەرمانی مالیكیدا بێت چونكە مالیكی ئەوەی ڕەتكردەوە پێشمەرگە ببێتە بەشێك لەسوپای عێراق ،ئایا دەكرێ سەرۆك وەزیرانێك كە خۆی سەركردەی گشتیی هێزی چەكدار بێت خۆی لەهەموو پابەندییەكانی پێشمەرگە بدزێتەوە و بودحەی بۆ دانەنێت ودواتر داوای ئەوە بكات ببێتە سەركردەی ئەو هێزانە؟لەكاتێكدا دەستوور ئەو پرسانەی دەستنیشان كردووە و دان بەمافی هەرێمی كوردستاندا دەنێت بەوەی هێزی چەكداری خۆی هەبێت بۆ بەرگریكردن لەخۆی ئەویش هێزی پێشمەرگەیە كە بەخوێنی شەهیدانی گەلی كورد هاتەدی و مەحاڵە دەستی لێ بەربدات. پێشمەرگە هێزی عێراقین ومن ئامادەم لەگەڵ پێشمەرگە بچمە بەسڕا یان هەر شارێكی دیكەی عێراق بۆ ئەوەی بەرگریی لێبكەین ئەگەر تووشی هەر تەعەددایەك بێت، ئەگەر مالیكی بۆ ئەو مەبەستە داوای پێشمەرگە بكات ئێمە هیچ لارییەكمان نییە بەڵام ئەگەر بیەوێ خۆی تەحەكوم بەپێشمەرگە بكات ئەوە شتێكی دیكەیە.

پەیوەندیی باش لەنێوان كورد و عەرەب و توركمانی كەركووك

سەرۆك بارزانی دووپاتیكردەوە بەرپرسانی كورد لەناوچە دابڕێندراوەكان هەمیشە لەگەڵ پێكهاتەكانی ئەو شار و شارۆچكانە لەگفتوگۆدان وهەموو لایەك لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون هەر ناكۆكییە هەبێت ئەوە بەشێوەی دیاڵۆگ چارەسەر دەكرێت وگوتی: لەوانەیە مالیكی توانیبێت ژمارەیەكی كەمی عەرەبی ئەو ناوچانە بهێنێتە قەناعەت بەوەی ببنە بەشێك لەپیلانەكەی وئەوان دەنگیان لەڕاگەیاندندا بەرز بوو بۆیە خۆیان بەزۆرینە نیشانداوە ئەگینا ڕۆڵەی هۆزە عەرەبییەكان لەو ناوچانەدا لەڕێزی پێشمەرگەشدا بوونیان هەیە.

هەڵوێستی دەوڵەتە هەرێمییەكان

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نەیشاردەوە دەوڵەتانی ئیقلیمی لەئەدای مالیكی ڕازی نین و زۆریشیان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی گەیاندووە كە لەجووڵاندنی هێزەكان بەرەو دوزخورماتوو ڕازی نین ولەڕووی نێودەوڵەتیشەوە هیچ قەناعەتێك لە بزاوتنەكانی نییە وگوتی:ئێران بەئێمەی ڕاگەیاندووە ئەو لەگەڵ بەكارهێنانی سوپا نییە بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان وئەو قسانەش كە دەڵێن گوایە ئێران لەهەرێمی كوردستان تووڕەیە بەهۆی هەڵوێستی لەبارەی سووریاوە لەڕاستییەوە دوورە چونكە ئێران لەهەموولایەك زیاتر دەزانێت كورد هیچ كاتێك كڕنۆش بۆ تانكەكانی مالیكی یان هیچ كەسێكی دیكە نابات. هەڵوێستی هەولێر لەبارەی قەیرانی سووریا زۆر ڕوون وئاشكرایە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین گەلی سووریا خۆی بڕیار لەچارەنووسی خۆی بدات و بەشێوەیەكی دیموكراسی حوكمی خۆی بكات هەروەها ئێمە ئایندەی گەلی كوردی سووریامان لا گرنگە بەڵام ئێمە میانڕەوی دەپارێزین ولەگەڵ هیچ لایەنێك نابین لەدژی لایەن و میحوەری دیكە، ئێمە یارمەتیی ڕژێمی سووریامان نەداوە یارمەتیی ئۆپۆزیسیۆنیشمان نەداوە وهیچ تەدەخولێكمان بەقەد پاراستنی گەلی كورد لەسووریادا نەكردووە.

كوردستان...نموونەیەكی سەركەوتووی فیدراڵیزم

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئەزموونی فیدراڵیی كوردستانی بەئەزموونێكی سەركەوتوو وەسفكرد و ئاماژەی بەوەدا دەتوانێ عێراق هەمان ئەزموون پەیڕەو بكات و فیدراڵیزم تاكە چارەسەرییە بۆ ئایندەی عێراقێكی یەكگرتوو و گوتی:ئایا مەعقوولە بەسڕا یان دیالا بۆ قیرتاوكردنی شەقامێكی 20 كیلۆمەتری روخسەت لەبەغدا وەربگرێت؟ ئەگەر ئێمە عێراقێكی سەركەوتووی بێ گرفتمان بوێت كە تیایدا ڕۆڵەكانی لەبەڕێوەبردنی كارەكانی خۆیان بەپێی دەستوور سەركەوتووبن ئەوا پێویستە سیستەمی فیدراڵی پەیڕەو بكەین بەڵام من پرسیاری ئەوە دەكەم : بەبوونی دیكتاتۆرییەت چۆن ئێمە دەتوانین هەرێمی دیكەی فیدراڵی بونیاد بنێینەوە؟ من لێتانی ناشارمەوە كە لە تەواوی ئەدای كوتلە كوردستانییەكان ڕازی نیم و كەموكوڕی لەئەدای ئەواندا هەیە بەڵام ئەمە بەواتای ئەوە نایەت كە لە پرسە عێراقییەكان دووركەوتبینەوە و تەنها تەركیز لەسەر هەرێمی كوردستان بكەین، بەڵام زۆرجاران بەهۆی چارەسەریی هەڵەی زۆر لە چارەسەركردنی هەندێك پرسدا بەهۆی لاوازیی هەماهەنگی.

كورد و ئۆپۆزیسیۆن

سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕەتكردەوە كە ئەو لەگەڵ تەسككردنەوەی ئازادییەكان بێت بەتایبەتی ئازادیی ڕادەربڕین و گوتی: هەردوو ڕۆژنامەی هاووڵاتی وئاوێنە دوو ڕۆژنامەی هەرە بەناوبانگی ڕەخنەگرن لەهەرێمی كوردستاندا، ڕۆژنامەی هاووڵاتی لەسلێمانی دەردەچێت و لەدهۆك وهەولێر نووسینگەی خۆی هەیە و بەبێ هیچ سانسۆرێك دابەش دەكرێت وبەئازادییەوە قسە دەكات و هەروەها ئاوێنەش،ئۆپۆزیسیۆن كەناڵی تایبەت بەخۆیان هەیە و دەشتوانن سەیریان بكەن و بەرنامەكانیان ببینن.






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1239