ده‌قی وتاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنفرانسی خولی 46-ه‌مینی یه‌كیه‌تی زانكۆكانی عه‌ره‌بی


KRP.org | |


19/03/2013
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

خوشك وبرایانی هێژا میوانای به‌ڕێز..

ڕێگه‌م پێیده‌ن به‌ناوی خۆم وگه‌لی كوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتنتان بكه‌م، هیوای به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆشتان له‌كوردستان بۆ ده‌خوازم، هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، شاری مێژوو ئه‌مڕۆ به‌بوونتان لێره‌ و گرێدانی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ خۆشحاڵه‌.
ئه‌م شاره‌ له‌ماوه‌ی 8 هه‌زار ساڵدا ژیانی لێ نه‌بڕاوه‌ ، ئه‌و شاره‌ی زانست و زانا و خه‌باتگێڕانی تینوو بۆ ئازادی له‌باوه‌شگرت، هه‌میشه‌ش له‌ڕووی دیكتاتۆران وه‌ستاوه‌ و شكستی پێهێناون، وه‌ك چۆن شكستی به‌ هۆلاكۆ هێنا. هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و پایته‌ختی دووه‌می عێراقه‌، نموونه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی وئایینی ومه‌زهه‌بییه‌.

خوشك وبرایان ..

ئاماده‌بوونتان له‌نێو ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌هه‌ولێر به‌ڵگه‌یه‌كه‌ بۆ پاڵپشتیكردنتان بۆ پێوه‌ر و پره‌نسیپه‌كانی زانست و زانیاری و به‌ڵگه‌یه‌كه‌ بۆ كاركردنی به‌رده‌وامتان بۆ سوود وه‌رگرتن لێی بۆ به‌رقه‌راركردنی كولتووری گفتوگۆی نێوان گه‌لان وبڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بێت، كه‌ مومكین بێت بكرێت.

ئێمه‌، كه‌ شانازی به‌گرێدانی خولی 46ـه‌مینی كۆنفڕانسه‌كه‌تان ده‌كه‌ین ، كۆنفڕانسی یه‌كێتیی زانكۆكانی عه‌ره‌بی به‌ته‌واوی باوه‌ڕیمان به‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌قامگیری و ئارامییه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوایه‌ ئه‌م كۆنفڕانسه‌ گرێ نه‌ده‌درا، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ كولتووری و زانستی وهونه‌رییه‌ی له‌كوردستاندا هه‌یه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ نه‌بوایه‌ له‌هه‌موو مه‌یدانه‌كاندا ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ نه‌ده‌هاتنه‌ دی. بێگومان ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ش به‌ هه‌بوونی فه‌زایه‌كی ئازادی وكه‌شوهه‌وای دیموكراسی نه‌بوایه‌، كه‌ ڕێگه‌ به‌لاوان ده‌دات تێكه‌ڵی ژیانی خوێندن وئه‌كادیمیا بن به‌بێ هه‌بوونی هیچ ڕێگرییه‌ك هاتۆته‌ دی. ئه‌م كه‌شوهه‌وایه‌ بووه‌ هۆی دامه‌زراندنی چه‌ندین زانكۆی ئه‌هلی وحكوومی به‌ چه‌ندین پسپۆڕی تایبه‌تمه‌ندییه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چه‌ندین په‌یمانگای تایبه‌تمه‌ند وقوتابخانه‌ كه‌ وانه‌كانی زانسته‌ مرۆییه‌كان به‌زمانه‌كانی كوردی وعه‌ره‌بی وتوركی وئینگلیزی وفه‌ڕه‌نسی وزمانی دیكه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو شتانه‌ نه‌بوایه‌ ئه‌و كۆنفڕانسه‌ نه‌ ده‌هاته‌دی.

له‌ساڵانی دوای ڕووخانی رژێمی پێشووی دیكتاتۆریدا، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌و مێژووه‌ش به‌ هۆی ئه‌و ئابڵووقه‌ دوولایه‌نه‌ی ڕژێمی ئه‌وسا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ته‌گه‌ره‌ و زه‌حمه‌تییانه‌ی ده‌هاتنه‌پێش توانیمان كولتووری گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر وكارلێككردن له‌گه‌ڵ كولتووری نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانی دیكه‌ به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ناسنامه‌ به‌رده‌وامی پێ بده‌ین. گه‌لی كوردستان ئه‌م ڕێچكه‌یه‌ی گرته‌به‌ر و كردییه‌ بنه‌مایه‌ك بۆ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ری خۆی و هێزه‌ كاراكانی كۆمه‌ڵگا بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و گرێ وگرفتانه‌ی دێته‌ پێشی.

به‌گرنگی ده‌زانم سه‌رنجی خوشك و برایانی ئاماده‌بوو و به‌شداربووی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ ڕابكێشم، كه‌ هیوادارین له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا بۆتان ڕێكبكه‌وێ بۆ سه‌ردانیكردنی هه‌ر شوێنێكی ئه‌م هه‌رێمه‌ جگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی زانكۆیی كه‌ كاری سه‌ره‌كیی كۆنفرانسه‌كه‌ی ئێوه‌یه‌، له‌ كوردستان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌تان ده‌ستبكه‌وێت له‌باره‌ی ئه‌و پرسانه‌ی هه‌میشه‌ دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ ویستوویانه‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌بارببه‌ن و بۆچوونی سه‌ركرده‌ و ناوه‌نده‌ كولتوورییه‌كانی بشێوێنن، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی ئه‌و پرسانه‌ی باس له‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كولتووری عه‌ره‌بی و هه‌بوونی هه‌ستیاری به‌رامبه‌ر ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب باسده‌كرێت.

ئێوه‌ ده‌توانن نموونه‌یه‌ك له‌ ڕۆشنبیر و خاوه‌ن بڕوانامه‌كانی كورد وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی خۆتان به‌ته‌واوی ئاگاداری ئه‌وه‌ بن، كه‌ ئه‌وان چه‌نده‌ له‌ ورده‌كاریی ژیانی كولتووری و زانستی وهونه‌ریی جیهانی عه‌ره‌بی ئاگادارن، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌لای ئێوه‌ و زۆر له‌و میوان ودۆستانه‌ی سه‌ردانی كوردستان ده‌كه‌ن سه‌یر بێت.

مێژووی خه‌باتی گه‌لی كوردستان و ڕێڕه‌وی دوورودرێژی پڕ له‌ قاره‌مانی و داستانی خۆڕاگری په‌یوه‌ندیی به‌هێزی نێوان خه‌باتی گه‌لی عێراق و قوربانییه‌كانی هه‌ردوولا بۆ ئازادی وێنا ده‌كات و هیچ كاتێك ڕێكه‌وت نه‌بوو كه‌ شۆڕشی و سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی گه‌له‌كه‌مان هه‌میشه‌ هه‌ڵگری ویست و داوا هاوبه‌شه‌كان بوو، له‌گه‌ڵ گۆڕانی بارودۆخیش جه‌ختی له‌سه‌ر دیموكراسییه‌ت بۆ عێراق ده‌كرد وه‌كو بنه‌مایه‌ك بۆ هێنانه‌دیی ویست و خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد. ئه‌مه‌ش باشترین ده‌ربڕینه‌ بۆ تێكه‌ڵبوونی خه‌باتی گه‌لی كورد و برایانی عێراقی له‌عه‌ره‌ب و پێكهاته‌كانی دیكه‌ و دووپاتكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانیان، هه‌روه‌ها خه‌باتی گه‌لی كورد و خواستی بڕیاردانی چاره‌نووس لقێكی دیكه‌ی خه‌باتی هاوبه‌ش بوو بۆ ڕزگاربوونی نیشتیمانی بۆ هه‌موو عێراق وكوردستان وه‌كو هه‌میشه‌ش وابووه‌ن هه‌ر به‌ ئارامگایه‌ك بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی عێراق ده‌مێنێته‌وه‌.
له‌ماوه‌ی قۆناغی خه‌باتی دژی دیكتاتۆرییه‌ت و دوای ڕووخاندنیشی كورد وه‌كو هاوبه‌شی سه‌ره‌كی له‌هه‌موو پرسه‌كاندا بیندراین و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردیش یه‌كێك بوو له‌دانه‌رانی به‌ردی بناغه‌ی عێراقی نوێ جا چ له‌بواری داڕشتنی ده‌ستووری عێراق و له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و چه‌سپاندنی بنه‌ما و تێگه‌یشتنه‌كان، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی هاوبه‌شی و ته‌وافوقی نیشتیمای وه‌كو بنه‌مایه‌ك بۆ سیسته‌می ئێستا.
سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی هه‌وڵی به‌رده‌وام بۆ نكۆڵیكردن و په‌راوێزخستن و پشتگوێخستنی ویست وخواسته‌كانی گه‌لی كورد تاوه‌كو ئێستاش ئێمه‌ خۆمان به‌ پابه‌ندی ده‌ستوور و هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ و ته‌وافوق ده‌زانین بۆ ده‌رچوونی وڵات له‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ تیایدایه‌ وكاركردنی جیددی وبه‌رده‌وام بۆ ڕێگه‌ نه‌دان به‌ڕووخانی پرۆسه‌ی سیاسیی ئاشتیخوازانه‌، تاكه‌ ڕێگه‌شمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گفتوگۆیه‌ به‌بێ لادان له‌ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كان وهاوسه‌نگیی نیشتیمانی دوور له‌سیاسه‌تی ده‌ست و ویست شكاندن، به‌ڵكو له‌چوارچێوه‌ی به‌هێزكردنی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی فیدراڵی و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ر یه‌كێكیان له‌.

ئێمه‌ باش ده‌زانین زمانی چه‌ك زمانی دیكتاتۆر و سته‌مكارانه‌ و هۆشداریی هه‌موو دڵسۆزان ده‌ده‌ین له‌ به‌كارهێنان و په‌نابردن بۆ به‌كارهێنانی ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ش بێت ، بێگومان ئێمه‌ له‌سه‌ر به‌رگریكردن له‌مافی ڕه‌وای خۆمان و ده‌ستكه‌وت و ویسته‌كان به‌رده‌وام ده‌بین له‌ دژی هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ ته‌عه‌ددامان لێبكات ، مێژووش گه‌وره‌ترین شایه‌دی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ چه‌ندین ڕژێم به‌ به‌هێزترین چه‌كه‌وه‌ نه‌یانتوانی وره‌ی گه‌لی ئێمه‌ له‌ خه‌بات بۆ ویست وخواست وئیراده‌ی دابه‌زێنێ.

له‌وانیه‌ به‌شێك له‌ئێوه‌ بچێته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌و شوێنه‌ی، كه‌ بۆته‌ هێمایه‌كی زیندوو بۆ تاوان له‌دژی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا هێمایه‌كه‌ بۆ ئازایی ونه‌به‌ردیی گه‌لێك ، هه‌روه‌ها لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌ مانگی ئادار، مانگی قه‌ده‌ری كورده‌، هه‌موو كارسات و سه‌ركه‌وتنمان له‌و مانگه‌دایه‌ و به‌ر له‌ 2700 ساڵ گه‌لی كوردستان له‌دژی دیكاتۆریزم ڕاپه‌ڕی وبه‌سه‌ریدا سه‌ركه‌وت، له‌و ڕۆژه‌یشه‌وه‌ ئێمه‌ی كورد وكوردستانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاهاتین، كه‌ كڕنۆش بۆ كه‌س نه‌به‌ین.

ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ ده‌ڕۆین، كه‌ گه‌لی ئێمه‌ زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مانی زانست و زانیاری و لێبوورده‌یی و قبووڵكردنی به‌رامبه‌ر بژێت وه‌كو بنه‌مایه‌كی له‌ باوه‌شگر بۆ هێنانه‌دیی ئاینده‌. ئه‌وه‌یشی له‌ماوه‌ی ڕابردوودا به‌ده‌ستهاتووه‌ به‌رهه‌می ئه‌و كولتووره‌یه‌ و وا به‌چاوی خۆتان ده‌یبین.

ئه‌مڕۆ له‌كوردستاندا 25 زانكۆ هه‌ن كه‌ 12 یان حكوومین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ 24 په‌یمانگای تایبه‌تمه‌ند و 6200 مامۆستای زانكۆ و 98000 قوتابیی زانكۆ و 2500 قوتابیی ماسته‌ر ودكتۆرا هه‌یه‌، جگه‌ له‌ 1600 قوتابی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ له‌ زانكۆ جیهانییه‌كاندا ده‌خوێنن. ساڵانه‌ش ده‌یان هه‌زار قوتابی له‌نه‌وه‌ی نوێ له‌زانكۆكانی كوردستاندا ده‌خوێنن و به‌ پێشكه‌وتووترین شێوه‌ وانه‌ و پڕۆگرامه‌كانی خوێندنیان جێبه‌جێده‌كه‌ن. ئه‌م نه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ بۆ ئاگاداربوون له‌نوێترین پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م و زانیاری و به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌ری تازه‌ و ئاڵوگۆڕی كولتووری ویه‌كترناسینی نێوان گه‌لان له‌ڕێگه‌ی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌وه‌ په‌رۆشن، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌ها كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی و ڕادیۆی ناوخۆ و ئاسمانیی و سه‌ده‌ها گۆڤار وڕۆژنامه‌ی حزبی وئه‌هلی وئازادی له‌ خانه‌ جیاوازه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌دا هه‌یه‌، كه‌ به‌ئازادییه‌وه‌ كارده‌كه‌ن هه‌روه‌ها چه‌ندین هۆڵی شانۆ و سینه‌مای تیادایه‌، كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی ئه‌مڕۆی كوردستانه‌ له‌ فره‌ كولتووری و سیاسی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ژیانی فیكریی ئه‌مڕۆی كوردستان.

ئێمه‌ شانازی به‌ مامۆستایانی زانكۆ و ئه‌و په‌روه‌ردكاره‌ به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ كاری به‌رده‌وام بۆ پێشخستنی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا بگونجێن و له‌قۆناغی دووباره‌كردنه‌وه‌ به‌ته‌نها ده‌ربچنن له‌گه‌ڵ هه‌واڵه‌ تازه‌كانی زانست و زانیاری وپێشكه‌وتنه‌كاندا یه‌ك ڕێگا بن و لایه‌نێكی ئه‌م گرنكیدان و پێشخستنه‌ش خۆی له‌ به‌كارهێنانی تازه‌ترین پێشكه‌وتنی زانستیی وانه‌ گوتنه‌وه‌ ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ توانا زانستییه‌كان به‌رزده‌كاته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی له‌ژیاندا دێته‌ پێشیانه‌وه‌.

ئێمه‌ هه‌بوونی په‌یمانگای تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌یمانگای پیشه‌یی تایبه‌تمه‌ند به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین بۆ هێنانه‌دیی ویسته‌كانی هه‌رێم له‌بواری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستن و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار و كشتوكاڵ وهه‌موو بواره‌ كاراكانی ژیان.

لێره‌شدا به‌پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بده‌م، كه‌ سه‌دان له‌ قوتابیان له‌برایانی عه‌ره‌ب له‌ زۆربه‌ی پارێزگاكانی كوردستاندا له‌قوتابخانه‌ و زانكۆ و په‌یمانگاكاندا ده‌خوێنن و له‌ده‌ستپێكی مانگی ئاینده‌ خولی ساڵانه‌ی پیشانگای نێوده‌وڵه‌تیی كتێب ده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئاماژه‌م به‌م ڕووداوه‌ دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موولایه‌كتان ئاگاداری ئه‌وه‌ بن، كه‌ چۆن گه‌لی ئێمه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی كتێبی عه‌ره‌بی په‌رۆشه‌ به‌و پێیه‌ی ساڵانه‌ زیاتر له‌ 300 خانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی له‌م پیشانگایه‌دا به‌شداری ده‌كه‌ن.

له‌كۆتاییدا به‌ پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ به‌ڕۆڵی پڕ له‌شانازیی مامۆستایانی هه‌موو بوار و قۆناغه‌كانی خوێندنی كوردستان بكه‌م، كه‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 ، سه‌ره‌ڕای هه‌موو بارودۆخه‌ سه‌خته‌كانی ئه‌وكات ئه‌وان نه‌یانهێشت خوێندن له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی تاوه‌كو زانكۆ بۆ یه‌ك ڕۆژیش بوه‌ستێت، شایسته‌ی ئه‌و په‌ڕی سوپاسن.

جارێكی دیكه‌ به‌خێرهاتنی ئێوه‌ ده‌كه‌م و هیوای به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆشتان له‌كوردستان بۆ ده‌خوازم، جارێكی دیكه‌ش ده‌یڵێمه‌وه‌ بوونی ئێوه‌ له‌ هه‌ولێر ڕێزلێنان و شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ گه‌لی كوردستان و هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.

والسلام علیكم ورحمه‌ الله وبركاته‌ .





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1154