ده‌قی وتاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ لە كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بۆ ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد


KRP.org | |


22/07/2013
ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی 7ـی 2013 بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بۆ ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد وتارێكی پێشكەش كرد كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

پارت و لایەنە سیاسییە تێکۆشەرەکانی کوردستان

خوشك و برا خۆشەویستەكان

ئەم كاتەتان باش

زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە ئەمڕۆ میوانداریی ئێوەی بەڕێز دەكەم لەو كۆبوونەوە مێژووییەدا بۆ دەستكردن بە ئامادەكاریی كردەیانە بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كە ساڵانێكی زۆرە وەك هەنگاوێكی گرنگ باس و گفتوگۆی لەبارەیەوە دەكەین. زۆر سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم و بەخێربێن.

كۆنگرەی نەتەوەیی كورد یەكێك بووە لە ئامانجە گرینگەكانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ماوەیەكی زۆرە كاری بۆ دەكرێ و ئێمە بەردەوام لە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوەدا بووین لەگەڵ بەڕێزان مام جەلال و عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لایەن كەسایەتییەكانی دیكە بەشەكانی تری كوردستان بۆ ئەو مەبەستە. بە بیرم دێت لەنیوەی دووەمی ساڵانی حەفتاكانەوە بەردەوام لەبارەی بایەخی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەییدا نووسیومانە. بۆیەش بەڕاستی ئەوە ڕۆژێكی مێژووییە كە هەوڵ و هەنگاوەكان ئەمڕۆ گەییشتوونەتە ئەو ئاستەی كە ئەمڕۆ ئەم كۆبوونەوەیە دەبەستین بۆ دانانی كۆمیتەی ئامادەكاریی بۆ بەستن و بەڕێوەبردنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كە بڕیارە دوای مانگێكی دیكە لە شاری هەولێر ببەسترێت.

ئامانجی سەرەكیی ئێمە لەو كۆنگرەیە بریتییە لەوەی هەموو لایەنە سیاسییە كوردییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ببنە خاوەنی وتار و ستراتیژییەكی هاوبەش كە لەسەر بنەمای گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان بۆ گەلانی ناوچەكە بنیات نرا بێت. ئێمە لەو كۆنگرەیەدا دەمانەوێ بە گەلانی عەرەب و تورك و فارس بڵێین، كە كورد چاوی لە پێكەوەژیانێكی ئاشتیانە و یەكسانە لەگەڵ ئێوەدا. ئێمە نامانەوێ دژایەتیی هیچ گەل و دەوڵەتێكی دراوسێ و ناوچەكە بكەین، بەڵكو دەمانەوێ دوژمنایەتی بەتەواوەتی نەهێڵین و بگەینە ڕێككەوتنێكی تەواو و چارەسەرێكی ئاشتیانە و عادیلانەی كێشەی كورد، چونكە لەو باوەڕەداین بەوشێوەیە نەتەوەی كورد و سەروەت و سامانەكانی كوردستان دەتوانن بەشدارییەكی زۆر گەورە بكەن لە پێشخستنی ناوچەكە و لە بەرزكردنی ئاستی ژیانی هەموو گەلانی ناوچەكە. كورد دەیەوێ هۆكاری سەقامگیری بێت و، دەیەوێ هۆكاری بەهێزكردنی دیموكراسی بێت لە ناوچەكەدا، هیچ لەوانەش بە چەك ناكرێن بەڵكو پێویستیمان بە ئاشتییە.

ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش نیشانیدا كە ئازادیی كورد نەك نابێتە مایەی شەڕ و هەڕەشە بۆ سەر دراوسێیەكان بەڵكو دەبێتە مایەی سەقامگیری و بووژانەوەی ژیان و ئابووریی ناوچەكانی دەورووبەریش. ئەوەش بەڵگەیەكی دیار و بەرچاوە بۆ ئاشتیخوازیی كورد.

ئامادەبووانی بەڕێز

دەمەوێ لێرەدا بە باوەڕێكی تەواوەوە بڵێم كە لە سەردەمی تازەدا بەهێزترین چەك و باشترین ڕێگە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دنیای دەرەوە و مسۆگەربوونی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و ئاشتی و پەیڕەوكردنی ڕێوشوێنە دیموكراتییەكانە. سەرئەنجام ئەو زمانە دەبێتە هۆی ئەوەی شەرعییەتێكی نێودەوڵەتی بدرێتە ویست و داواكارییەكانمان و پێگەی كوردیش لە نێوەندە جیهانییەكاندا بەهێزتر ببێت.

ئەگەر پێشتر كورد دەستی بۆ خەباتی چەكداری بردبێت لە ناچاری بووە و بۆ بەرگریكردن لە مان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی. كورد خەباتی چەكدارانەی بەسەردا سەپێندراوە و، بە حەزی خۆی دەستی بۆ نەبردووە. نەتەوەی كورد زۆر نەهامەتی بینیوە و هەموو جۆرە چەكێكی لەدژ بەكارهێنراوە، لەبەر ئەوەشە كورد زۆر حەزی لە ژیان و جیهانێكی بە بێ چەكە.

سوپاس بۆ خودا كە ئێستاكە سەردەمێكی دیكەیە و كەس ناتوانێ بە زۆری چەك و بە مەنتقی سڕینەوە ڕووبەڕووی كورد ببێتەوە. دەوڵەت و هێزەكانی ناوچەكەش ئەو ڕاستییەیان بۆ ڕوونبووەتەوە كە لەنێوبردنی نەتەوەی كورد بە خەیاڵیش بەدیناهێت. بۆیە لەو بارودۆخە تازەیەدا پێویستە گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ستراتیژییەكی هاوبەشی ئاشكرا و ڕێكوپێك دابڕێژن لەپێناو گەیاندنی پەیامی ئاشتییانەی گەلی كورد و دەبێ هەموو لایەنە كوردییەكانیش پابەندی ئەو پەیامە بن.

هێژایان..

دانانی كۆمێتەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد وەك دەستپێكێك بۆ كاروبارەكانی كۆنگرە هەنگاوێكی گرنگ و بایەخدارە. داوا لە گشت لایەنە بەشداربووان دەكەم بە گیانێكی برایانە و نیشتیمانی و دوور لە هەموو جۆرە هەڵوێست و ئایدیۆلۆژییایەكی سیاسیی بەرتەسك لەگەڵ یەكتردا كار بكەن بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بە سەركەوتوویی بنرێت. من لەوە دڵنیام كە تاك تاكی هاووڵاتیانی كوردستان و هەموو ناوەندە ئاكادیمی و كۆمەڵایەتی و مەدەنیی هەر چوار پارچەی كوردستان چاوەڕوانییەكی زۆریان لە ئێمە هەیە و ئومێدێكی زۆریان لەسەر سەركەوتووبوونی كۆنگرەكە هەڵچنیوە. ئەو چاوەڕوانی و ئومێدە دەبێ هاندەرێكی گەورە بێت بۆ هەموومان كە دەست لەناو دەست كار بكەین بۆ سەرخستنی گشت قۆناغەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و بۆ ئەوەی بتوانین بە بڕیار و ڕاسپاردەی گرنگەوە كۆنگرەكە كۆتایی پێ بێنین و هەموو لایەك بە عەمەلی پێیەوە پابەند بێت.

هیوادارم بەشداربووان بتوانن تیمێكی لێهاتوو بۆ كۆمیتەی ئامادەكاریی كۆنگرە پێك بهێنن. بێگومان ئەندامبوون لەو كۆمیتەیە شانازییەكی گەورە دەبێت و ئەو كۆمیتەیە ئەركێكی هەستیار و مێژووییشی لەسەر شانە . هەر لە دانانی ڕێوشوێن و كاری لۆجستیكی بگرە هەتا دانانی چوارچێوەیەكی گشتی بۆ پەیام و ئامانجەكانی كۆنگرە و هەروەها دانانی میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی سكرتاریەتی گشتیی و هەمیشەیی كۆنگرە بۆ ئەوەی كۆنگرەی نەتەوەیی ببێتە دامەزراوەیەكی نەتەوەیی و هەمیشەیی و دەستەیەكی هەڵبژێردراویش هەبێ بەدواداچوونی كار و بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنگرە بكات. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش لە ئامادەكاری و سەركەوتنی بەڕێوەچوونی كۆنگرەدا هاوكارییەكی تەواوی دەبێت.

بەڕێزان

دەمەوێ لێرەدا بەڕوونی ئەوە بڵێم كە ئێستا ئێمە باس لە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دەكەین، مانای ئەوە نییە ئێمە بەرژەوەندیی نەتەوەكانی دیكەی كوردستانمان لەبەرچاو نییە بەڵكو واجبی هاونیشتیمانیبوون و مرۆڤایەتی ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێ كە لە هەموو بڕیارێكدا بەرژەوەندیی هەموو گەلانی كوردستان و هەموو كوردستانییەكانمان لەبەر چاو بێت. هەروەها داواتان لێ دەكەم كە بەهێزكردنی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی كورد لەهەموو شوێنێك بە بایەخەوە سەیر بكەن، چونكە ئەو دەستكەوتانە بەرهەمی ماندووبوون و قوربانیدانێكی زۆری نەتەوەكەمانەن.

لە كۆتاییدا هیوای سەركەوتن بۆ كارەكانتان بۆ دەخوازم. داوا لە هەموو لایەك دەكەم بە هەستكردنی تەواو بە بایەخ و بە بەرپرسیارێتیی ئەو كارە پیرۆزە، بەهەموو توانایەك كار بۆ پتەوتركردنی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی نێوانیان بكەن و نموونەیەكی شارستانی و پێشكەوتووی كاری سیاسی لە ناوچەكەدا بخەنەڕوو. من ئومێدێكی زۆرم بە دواڕۆژی نەتەوەی كورد هەیە و دڵنیام بە یەكگرتن و خەباتی بەردەوام و ئاشتیخوازانە داهاتوویەكی ڕووناك چاوەڕوانیەتی.

زۆر سوپاستان دەكەم

نەمری بۆ شەهیدان و

بژی كورد بژی كوردستان






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1812