سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی گرووپی سۆسیال دیموكراتەكانی پارلەمانی ئەورووپا دەكات


KRP.org | |


07/04/2014
ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی 4ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هانس سۆبودا سەرۆكی گرووپی سۆسیال دیموكراتەكانی پەرلەمانی ئەورووپا كرد.

لە دیدارێكدا سەرۆكی گرووپی سۆسیال دیموكراتەكانی پارلەمانی ئەورووپا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سەردانی بۆ كوردستان بە شەرەفێكی گەورە زانی و هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە ئاوەدانی و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان نیشاندا و ڕایگەیاند كە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەستكەوتێكی مەزنە كە لەڕێی ئاشتی و بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی هاتووەتە كایەوە. سەرۆكی گرووپی سۆسیال دیموكراتەكانی پارلەمانی ئەورووپا ئەوەشی خستەڕوو كە پەیامی كوردستان بە ئەورووپا دەگەیێنێت ئەویش پەیامی خەڵكێكە كە بە سەركەوتوویی وڵاتێكیان بنیات ناوە هەر چەندە سیادەشیان نییە بەڵام مۆدێلێكە لە سەركەوتنی گەلێك. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە یەكێتیی ئەورووپا پەیوەندی دیپلۆماسیی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتن و سوپاسی سەرۆكی گرووپی سۆسیال دیموكراتەكانی پارلەمانی ئەورووپای كرد و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەورووپا دەكات. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی سیاسیی عێراق و نەهامەتییەكانی گەلی كورد لە عێراقی شی كردەوە و سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاماژەی بەوەدا كە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی دوو نەتەوەی سەرەكیی كورد و عەرەب پێكهاتووە، بەڵام بەداخەوە حكوومەتەكانی عێراقی ئەم بنەمایەیان پێشێل كرد و هەوڵیاندا خۆیان ببنە باڵادەست و گوتی: " ئێستا كێشەكە نەوت و گاز و بودجە نییە. كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە كورد دەیەوێ لەگەڵ عێراقدا شەریك بێت بەڵام ئەوان دەیانەوێ خۆیان حوكمڕان بن و كورد پاشكۆیان بێت". سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە دوای ئەو هەموو قوربانیدانە گەلی كوردستان ئامادە نییە ببێتە پاشكۆی هیچ كەس و لایەنێك.

پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و پێشڤەچوونی دۆزی كورد لەم وڵاتە تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و سەرۆكی گرووپی سۆسیال دیموكراتەكانی پارلەمانی ئەورووپا سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و داوای كرد كە سەرۆك بارزانی بەردەوام بێت لەو ڕۆڵە كاریگەرەی كە لە پڕۆسەی ئاشتیی توركیادا هەیەتی.





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 175